کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە نوێترین ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا ئاماری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی تایبەت بە لاوانی لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٦ـدا بڵاو کردەوە و هۆشداریی لە بەردەوامیی شەپۆلی سەرکوت، لەسێدارەدان و تەقەکردن لە کۆڵبەران دا.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٥ لاوی کورد بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە سێدارە دراون، کە سەرجەمیان لە پرۆسەیەکی دادگاییکردنی نادادپەروەرانەدا سزاکەیان بەسەردا سەپێنراوە و تەنانەت مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان پێ نەدراوە.
هەر بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان، لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبرەوە زیاتر لە ٥٠ لاوی کورد لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون؛ بە شێوەیەک کە زۆرترین حاڵەتەکانی ڕەشبەگیری لە پارێزگاکانی سنە (٢٧ حاڵەت) و ورمێ (٢٥ حاڵەت) تۆمار کراون.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە دۆخی نالەباری کۆڵبەران کراوە و هاتووە کە بەهۆی سیاسەتە ئابوورییەکانی ڕێژیم و نەبوونی هەلی کار، لاوان ناچارن ڕوو لە پیشەی پڕمەترسیی کۆڵبەری بکەن.
لەو چوارچێوەیەدا، کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە ناوی "عەلی مەشهووری" بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی سنووری بە سەختی بریندار بووە.
لە کۆتاییدا، کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوان نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرانبەر بە پەرەسەندنی توندوتیژییەکان و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەربڕیوە.