کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی کەریم باقری لە وریا غەفووری

12:18 - 5 سەرماوەز 2722

کەریم باقری، یاریزانی ناوداری ئێرانی، بۆ پشتیوانی لە وریا غەفووری، یاریزانی بەنێوبانگی کورد، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینیستاگرام پەیامێکی بڵاوکردەوە.

 

"کەریم باقری"، ڕۆژی هەینی ٤ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕوو بە هەموو خەڵکی ئێران و بۆ پشتیوانی لە وریا غەفووری یاریزانی ناوداری کوردستان و کاپیتانی پێشووی تیمی ئیستقلالی تاران، لە ستۆرییەکدا نووسی: ئێستا تەنیا کاتی ئەوە نییە کە ڕەسمێک بڵاو بکەینەوە؛ بەڵکوو کاتی ئەوە هاتووە کە زۆر بەڕوونی و ئاشکرا قسە بکەین و پشتیوانی لە وەزرشوان و خەڵکەکەمان بکەین کە لە چنگی شەیتاندا گیریان کردووە و تەنیا بە تۆمەتی داکۆکی لە مافی ئێمە و خەڵکی هەموو ئێران، لەلایەن ‌هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کراون.

لەلایەکی دیکەوە "ئەکرەم خودابەندەلوو"، کاپیتانی تیمی میللیی تیکواندۆی ژنانی ئێران، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و بە مەبەستی پشتیوانی لە شۆڕشە مەزنەکەی ژن، ژیان، ئازادی، نووسی: پاش ١٢ ساڵ ئەندامبوون لە تیمی میللیی تێکواندۆی ئێران، ئێستا بە حورمەتی هەموو دڵە خەمبارەکان و ڕۆژە سەختەکانی خەڵکی ئێران، بە دڵێکی پڕ لە خەم و پەژارەوە واز لە تیمی میللیی ئێران دەهێنم.