کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی بەرپرسی کۆمیسیۆنی یەکیەتیی ئورووپا لە بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران

10:19 - 28 بەفرانبار 2722

بەرپرسی کۆمیسیۆنی یەکیەتیی ئورووپا، پشتیوانیی خۆی لەوەیکە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بخرێتە نێو لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستەکانەوە دەربڕی.

"ئۆرسێلا فۆندێرلاین" بەرپرسی کۆمیسیۆنی یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆبوونەوەی کۆڕی جیهانیی ئابووریی "داووس" ڕایگەیاند کە، پشتیوانی لە بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران دەکات و دەبێ سپا لەهەمبەر پێشێلکارییە مافە مرۆییەکان لە ئێران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بخرێتە لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی بەفرانبار، لە خۆپیشاندانی هەزاران کەسی لە کوردستانییان و ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتانی ئورووپایی کە لە شاری ستراسبۆرگی فەرانسە بەڕێوە چوو، چەند کەس لە سیاسەتوانان و نوێنەرانی فەرانسە لەو خۆپیشاندانەدا بەشدار بوون و ڕایانگەیاند کە دەبێ ئورووپا سپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێنێت.