سیاسەتە ئابوورییە شکستخواردووەکانی ڕێژیمی ئێران، گرانیی بێسنوور و نەبوونی پشتگیریی کاربەدەستان، کەرتی کشتوکاڵ و بژێویی جووتیارانی کوردستانی خستووەتە لێواری داڕمانەوە و ئەمنییەتی خۆراکی خستووەتە مەترسییەوە.
لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی چاندندا، بەرزبوونەوەی چەند قاتی نرخی کوودی شیمیایی، تۆو و ڕۆنی ئامێرە کشتوکاڵییەکان، تێچووی بەرهەمهێنانی بە ڕادەیەک بردووەتە سەرەوە کە چیتر جووتیاران توانای دابینکردنی پێداویستییەکانیان نییە.
سەید حوسێن ڕەحیمی، بەرپرسی ژووری پیشە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای سنە، وێڕای ڕەخنەگرتن لە سپاردنی فرۆشی کوودی ئازۆتە بە بازاڕی بورس، ڕایگەیاند کە نرخی هەر کیسەیەکی ٥٠ کیلۆیی لە ماوەی سێ ڕۆژدا لە ٣ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنەوە گەیشتووەتە ٣ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن، لە کاتێکدا هیچ ڕوونییەک لەسەر بڕی یارانەی دەوڵەت نییە.
هاوکات نرخی کوودی فۆسفاته بۆ هەر کیسەیەک گەیشتووەتە زیاتر لە ٧ میلیۆن تمەن و نرخی ڕۆنی تراکتۆر پێنج قات گران بووە و لە ٥ میلیۆن تمەنەوە بۆ ٢٥ میلیۆن تمەن بەرز بووەتەوە.
ئەمە لەحاڵێکدایە کە کوودی ئازۆتە لە نێوخۆی ئێراندا بەرهەم دێت و کارگەکان لە باج بەخشراون، بەڵام گۆڕینی سیستەمی دابەشکردن و پێدانی لە وەرزی پاییزدا، زیانی قورسی بە جووتیارانی کورد گەیاندووە.
جگە لەمە، دیارینەکردنی نرخی کڕینی گەنم بە شێوازێکی دادپەروەرانە و ئەگەر نرخی کڕین لە ١٠٠ هەزار تمەن کەمتر بێت، بەرهەمهێنانی گەنم هیچ سوودێکی ئابووریی نابێت.
پشتگوێخستنی ئەنقەستی ناوچەکانی کوردستان، ژیانی ئابووریی جووتیارانی تەنگاو کردووە و مەترسیی لەدەستچونی سەرچاوەی داهات و تێکچوونی ژینگەی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە.