کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری گشتیی شۆرای هاوکاریی کەنداو: بەردەوامیی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بەحرەین هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە

09:38 - 25 خەزەڵوەر 2726

جاسم ئەلبەدیوی، سکرتێری گشتیی شۆرای هاوکاریی کەنداو، هێرشە دڕۆنییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بەحرەینی بە «نامەردانە» وەسف کرد و مەحکوومی کرد و هۆشداریشی دا کە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە، ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.

ئەلبەدیوی جەختی لەوە کردەوە کە ئێران سەروەریی بەحرەینی پێشێل کردووە و وتیشی: بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیڕەوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و بەربەستێکی ئاشکرایە لە بەردەم هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ جێگیرکردنی سەقامگیری و ئاسایش.

ناوبراو هەروەها وتی هێرشە دووبارەکانی ئێران بۆ سەر بەحرەین پێچەوانەی بنەمای دراوسێیەتیی باش و بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە و بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هەنگاو بنێت.

سکرتێری گشتیی شۆرای هاوکاریی کەنداو لە درێژەدا جەختی لەسەر پشتگیریی وڵاتانی ئەندامی ئەم شۆراکە بۆ سەر بەحرەین کردەوە و وتی ئەم وڵاتانە پشتگیری لە ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی بەحرەین دەکەن بۆ پاراستنی سەروەری، دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی هاووڵاتییان و دانیشتووانی ئەم وڵاتە.

ئەلبەدیوی جەختی کردەوە کە ئاسایشی بەحرەین جیا نییە لە ئاسایشی وڵاتانی تری ئەندامی ئەو شۆرایە و هەر چەشنە دەستدرێژییەک بۆ سەر سەروەریی یەکێک لە ئەندامان، ئاسایشی وڵاتانی تری ئەندامیش دەخاتە مەترسییەوە.