لە درێژەی گوشارە ئەمنییەتی و سەرکوتکەرییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ناوەندە زانستییەکان، لانیکەم ٢٠ خوێندکاری کۆلێژەکانی فارابیی زانکۆی تاران بانگی کۆمیتەی ئینزیباتی کراون و سێ خوێندکاری دیکەش دەسبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا" لە زاری "خوێندکارانی یەکگرتوو"ـەوە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٢٠ خوێندکاری کۆلێژەکانی فارابیی زانکۆی تاران ڕووبەڕووی هەڵسوکەوتی ئینزیباتیی بەرپرسانی زانکۆ بوونەتەوە و دۆسییەکانیان ڕەوانەی کۆمیتەی ئینزیباتیی ئەو زانکۆیە کراوە.
هەر لەو ماوەیەدا، سێ خوێندکاری دیکەی ئەو ناوەندە زانستییە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کراون. هەرچەندە هەر سێ خوێندکارەکە دوای ماوەیەک ئازاد کراون، بەڵام پرۆسەی لێکۆڵینەوە و پێڕاگەیشتن بە دۆسییە دادوەرییەکانیان لە دادگاکانی ڕێژیمدا هێشتا بەردەوامە.
سەرچاوە خوێندکارییەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ناوەندە ئەمنییەتییەکان و هێزەکانی بەسیج بە شێوەیەکی بەردەوام لەنێو ژینگەی نێوخۆیی کۆلێژەکانی فارابیی زانکۆی تاراندا ئامادەن و دەستێوەردان لە کاروباری خوێندکاراندا دەکەن.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر شوناسی خوێندکارە بانگکراو و دەسبەسەرکراوەکان، هۆکاری پێکهێنانی دۆسییە ئینزیباتی و دادوەرییەکان، کاتی وردی دەسبەسەرکردنەکان و ئەو سزایانەی کە ئەگەری هەیە بەسەریاندا بسەپێنرێت، بڵاو نەکراوەتەوە.