کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی قوربانییانی ڕووداوی وەرگەڕانی ئوتووبووسەکەی ڕێگەی دەشت عەباسی ئیلام گەیشتە ١٣ کەس

09:36 - 25 خەزەڵوەر 2726

سەرۆکی فریاکەوتنی پێش نەخۆشخانەی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای ئیلام ڕایگەیاند کە ژمارەی گیانلەدەستداوانی ڕووداوی وەرگەڕانی ئوتوبووسێک لە ڕێگەی دەشتی عەباس بۆ موورمووریی ئیلام گەیشتە ١٣ کەس.

مەهدی شەعبانی لە لێدوانێکدا بۆ ئیسنا ڕایگەیاند کە ١١ برینداری ئەم ڕووداوە لە نەخۆشخانەی کەنجوویانی شاری دێزفوول لە پارێزگای خووزستان خەوێنرابوون، بەداخەوە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە یەکێک لەو هاووڵاتییانە گیانی لەدەست دا.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا ١٠ کەس لە برینداران لەم نەخۆشخانەیە خەوێندراون کە ۲ کەس لە بەشی چاودێریی چڕ واتە "ئای سی یوو" و ٨ کەس لە بەشەکانی تردا خەوێنراون.

سەرۆکی فریاکەوتنی پێش نەخۆشخانەی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای ئیلام ڕایگەیاند کە ئەو کەسەی گیانی لەدەست داوە لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەی کەنجوویانی دێزفوول خەوێنرابوو.

پێڕستی بریندارانی خەوێنراو لە نەخۆشخانەی کەنجووانی دێزفوول بریتین لە؛ سامان هێمەتی، ئیسماعیل موحتەشەمیان، عیسا کەرەمی، کامران نەورۆزی، نەعیم محەممەد وەلی، مەهدی دوردانە، ئێحسان دانیالی، موراد ئەکبەرزاد، نوورمحەممەد سەففار، عەلی دانیالی، ئارش بابایی، حوسێن محەممەدی ئەرشەد، مەجید فەیلی کە لە بەشی چاوەدێریی چڕدا خەوێندراوە.

هەروەها ٥ برینداری دیکەی ئەو ڕووداوە، لە نەخۆشخانەی "ڕەسووڵ ئەکرەم"ی ئاودانان خەوێنراون کە بریتیین لە؛ تەوەکول خەستووانە، مەهدی کەریمزادە، مەهدی نەزەرزادە، ئومید حاجیزادە و محەممەد پوورساعدی. 

ئوتووبووسێکی هەڵگری ٣٠ کرێکاری شیرکەتی NGLی دێهلۆڕان ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، لە ڕێگەی دەشت عەباسی دێهلۆڕان بۆ موورمووری ئاودانان و لە سنووری «سەگەر»، لە نزیک بیرە نەوتییەکاندا وەرگەڕا، بەداخەوە ١٣ کەس گیانیان لەدەست دا و ١٧ کەسیش بریندار بوون.