بەڕێزان بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەری و سەرکردایەتی و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
وەک یەکیەتیی دێموکراتی کوردستان، ٧٩هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانتان لێ پیرۆز دەکەین. حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەو شانازییەی پێبەخشراوە کە وەک یەکەمین حیزبی سیاسی هاوچەرخ لە کوردستانی ئێراندا پێ بنێتە گۆڕەپانی خەباتی ڕزگاریخوازی و دێموکراسیخوازی و مافخوازی گەلەکەمان لە کوردستانی ئێران.
مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شاهیدی ئەوە دەدات کە بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلی کورد لە ئێران تا چەندە قوربانی داوە و هاوکات دامەزراندنی کۆماری کوردستان وەک یەکەمین ئەزموونی سیاسی مۆدێڕن لە مێژووی هاوچەرخی کورددا، شانازییەکی تری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.
دیارە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، هەست بە مەترسی دەسەڵاتدارییەتی ئەو ڕێژیمە دەکات و بوێرانە و ئازایانە بەرهەڵستی ئەو دەسەڵاتە دەبێتە و ئەنجامی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی ڕەوایەتی خەبات و تێکۆشان و هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ڕێبەرایەتیی شەهید دوکتوەرقاسملوو نیشان دەدات و کۆڵنەدان بە سەپاندنی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی شانازییە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
لە کاتێکدا یادی ٧٩ ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرز ڕادەگیرێت کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی قورس و مەترسیداردا تێدەپەڕێت و بەشێکی سەرەکیی ئاژاوەگێڕییەکان و شەڕەکانی ناوچەکە بە سەرکردایەتی و ڕێنوێنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە دەچێت و شەڕەنگیزییەکانی کۆماری ئیسلامی یەخەی حیزبە تێکۆشەرکانی کوردستانی ئێرانیشی گرتووەتەوە و گوشارەکانی ئەو ڕێژیمە بۆ سەرکوتکردن و بێدەنگکردنی حیزبەکان لە تروپکی خۆیدایە و هەر ڕۆژە پیلانێک بۆ پەلاماردانی حیزبەکان دادەنێت بەو هیوایەین حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سەرجەم حیزبەکانی تری کوردستانی ئێران بەسەربەرزییەوە لەم قۆناغەدا تێپەڕن و لەم قۆناغە گرینگەی خەباتدا و لەم دۆخە هەستیارەی کوردستان و ئێران و ناوچەکە قورسایی بۆ خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بگێڕنەوە.
لە کۆتاییدا، بەڕێزان بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەری و ئەندامانی سەرکردایەتی و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک یەکیەتیی دێموکراتی کوردستان، ٢٥ی گەلاوێژ و ٧٩هەمین ساڵڕۆژی دامەرزانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانتان لێ پیرۆز دەکەین و جێگای خۆیەتی کە لەم ڕۆژەدا سەری ڕێز و وەفا بۆ شەهیدانی کورد و کوردستان، تایبەت شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دابنوێنین. وێڕای پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە، هیواخوازیین کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەهێزتر و یەکگرتوو لە هەموو کات لە گۆڕەپانی سیاسی و خەباتی ئازادیخوازی و مافخوازیی نەتەوەکەمان لە کوردستانی ئێران ئامادەیی و بوونی هەبێ، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامبوونتان لە خەباتدا بۆ دەخوازین.
بژی کورد و کوردستان
یەکیەتیی دێموکراتی کوردستان
١٤/ ٨/ ٢٠٢٤