ڕۆژنامەی "واڵستریت ژۆرناڵ" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە کۆماری ئیسلامی لە ستراتێژییەکی نوێی سایبێریدا هەوڵ دەدات هێرشەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بگوازێتەوە بۆ جیهانی ڕاستەقینە و زیان و پشێوی بنێتەوە؛ لە تێکدانی تۆڕەکانی ئاوی ئەمریکا و سیستەمی کۆنتڕۆڵی کەشتییەکانی هەڵگری وزەوە بگرە تا دەستکاریکردنی ئامێرە ساردکەرەوەکان و ژێرخانە پیشەسازییەکان لە ئورووپا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئەو سیستەمانە دەکەنە ئامانج کە فەرمانە دیجیتاڵییەکان دەگۆڕن بۆ کردەوەی ڕاستەقینە، ئەمەش وا دەکات دزەکردنێکی سایبێری ببێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە، لەکارکەوتنی ئامێرەکان و گەیاندنی زیانی ڕاستەوخۆ بە ژێرخانە مەدەنییەکان.
دیارترین نموونەی ئەم گۆڕانکارییە لە فەرانسە بینرا، کاتێک پاریس بە فەرمی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسدارانی بە بەرپرسی هێرشەکانی مانگی ڕەزبەر بۆ سەر سیستەمی ساردکەرەوەی زیاتر لە ٧٠٠ ناوەندی بازرگانی ناساند؛ هێرشێک کە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە ١٥ شوێن و دەیان میلیۆن یۆرۆ زیانی ماددیی لێ کەوتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمریکا چەندین ساڵە هۆشداری دەدات و گرووپی "تۆڵەسێنەرە سایبێرییەکان"ی سەر بە سپای پاسدارانی بە بەرپرسی دزەکردن بۆ نێو لانیکەم ٧٥ سیستەمی کۆنتڕۆڵی پیشەسازیی ئەو وڵاتە ناساندووە.
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەرچەندە توانای تەکنیکیی کۆماری ئیسلامی لە چین و ڕووسیە کەمترە، بەڵام ئێستا لە ژیریی دەستکرد بۆ دۆزینەوەی خێراتری کەلێنە ئەمنییەتییەکان کەڵک وەردەگرێت.
ئەم پێشهاتانە دەریدەخەن کە نیگەرانیی وڵاتانی ڕۆژاوایی چیتر تەنیا لە دزینی زانیاری نییە، بەڵکوو مەترسیی گۆڕینی کۆدە تێکدەرەکانە بۆ زیانی ڕاستەقینە لە ژێرخانە هەستیار و مەدەنییەکاندا.