لە چوارچێوەی بەردەوامیی پاراستنی ئەمنییەتی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی دژی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) ئامارێکی نوێی سەبارەت بە ئاستی ئەو نەوتە بڵاو کردەوە کە لەژێر پارێزگاریی هێزەکانیاندا لە گەرووی هۆرمۆزەوە تێپەڕیوە.
سێنتکام ڕایگەیاند کە زیاتر لە یەک میلیارد و ٧٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە کەنداو، لە ژێر چاوەدێری و پارێزگاریی هێزەکانی ئەو وڵاتەدا بە سەلامەتی لە گەرووی هۆرمۆزەوە تێپەڕیوە.
سێنتکام ڕۆژی شەممە ٢٣ی خەزەڵوەر لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەم ئامارە، ئاشکرای کرد کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی جۆری "ئێف-١٦"ی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە گەشتە ئاسمانییەکانیان بەسەر ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەردەوامن.
سێنتکام جەختی لەسەر بەردەوامیی بوونی سەربازیی ئەمریکا لە ئاوەکانی ناوچەکە و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هێزەکانیان لە پاراستنی ئەمنییەتی گواستنەوەی وزە لە گەرووی هۆرمۆزدا کردووەتەوە.
ئەم پەیامەی سێنتکام لەکاتێکدایە کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و هەڕەشە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی و هێزە نیابەتییەکانی بۆ سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، پاراستنی ئەمنییەتی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە بووەتە یەکێک لە ئەولەوییەتە سەرەکییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ ڕێگریکردن لە تێکچوونی بازاڕی جیهانیی وزە.