لە درێژەی سیاسەتی سەرکوت و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دوو ڕووداوی جیادا لە بەندیخانەکانی تارانی گەورە و شەیبانی ئەهواز، هێرشیان کردووەتە سەر بەندکراوانی سیاسی.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژی هەینی ٢٢ی خەزەڵوەر، لە پاش ناڕەزایەتیی بەندکراوانیی سیاسی لە بەندیخانەی تارانی گەورە دژی گواستنەوەی بەندکراوێک بە ناوی موعین نەجەفی بۆ ژووری ئەفەسەر پاسەوان و هەڵسوکەوتی توندوتیژیی هێزەکانی ڕێژیم، زیاتر لە ١٠ هێز بە هاوکاریی کاربەدەستەکانی نێوخۆی بەندیخانە هێرشیان کردووەتە سەر ساڵۆنەکان.
لەم هێرشەدا چەندین بەندکراو لێیان دراوه و بریندار کراون، هەروەها موعین نەجەفی و ڕامین جۆنکی بۆ ژووری تاكەکەسی گواستراونەتەوە.
سەرەڕای برینداربوونی بەندکراوێکی سیاسی بەناوی ئەمیرحوسێن دەستجێردی، لەم هێرشەدا، بەرپرسانی بەندیخانە ڕێگرییان لە گواستنەوەی بۆ بەشی دەرمان کردووە کە ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای مافە یاساییەکانیانە.
هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوە، لە بەندیخانەی شەیبانی ئەهوازیش بارودۆخی بەندکراوانی سیاسی، بەتایبەت ئەو کەسانەی حوکمی کۆتاییان بەسەردا سەپێنراوە، گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.
ڕاپۆرتەکان باس لە ئەشکەنجەی دڕندانەی بەندکراوان بە "شیلەنگی پڕ لە مس و ئاسن"دەکەن؛ هێزەکانی ڕێژیم دوای لێدان و ئەشکەنجەکردن، بەندکراوان بەبێ دەستڕاگەیشتن بە ئاو، خۆراک و دەرمان دەخەنە ژووری تاکەکەسییەوە کە تێیدا تەنانەت ئاو و کارەباشیان لێ بڕدراوە.
"موختار ئالبۆشووکە" کە نەخۆشیی گورچیلەی هەیە و چەندین بەندکراوی مەحکووم بە سێدارە و بەندکرانی هەتاهەتایی وەک "غولامحەسێن کەلبی"، لەو کەسانەن کە لەو بەندیخانەیەدا لەژێر گوشار و مەترسیی جیددیدان.
ئەم پێشێلکارییە بەربڵاوانە لەکاتێکدایە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چەندین جار بارودۆخی بەندیخانەکانی لە ئێران سەخت و مەترسیدار بۆ سەر ژیان وەسف کردوون، کە تێیدا بەرپرسانی بەندیخانە بێبەشکردنی بەندکراوان لە چارەسەری پزیشکی وەک ئامرازێکی سەرکوت و گوشار بەکار دەهێنن.