کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نزیکەی ٧٠٠ پارێزەر لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا ڕووبەڕووی گوشار و لێپرسینەوەی دادوەری بوونەتەوە

13:14 - 24 خەزەڵوەر 2726

لە درێژەی هەوڵەکانی دەزگا ئەمنییەتی و دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بێبەشکردنی ناڕازییان لە مافی بەرگری و سەربەخۆیی یاسایی، ئامارە نوێیەکان دەریدەخەن کە شەپۆلێکی بەربڵاوی هەڕەشە و لێپرسینەوە ڕووبەڕووی پارێزەرانی دادوەری کراوەتەوە.

محەممەد شامحەممەدی، بەرپرسی ناوەندی پارێزەرانی دادوەریی ناوەند ئاشکرای کردووە کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٤دا، نزیکەی ٧٠٠ پارێزەر لە سەرانسەری ئێراندا ڕووبەڕووی بەرەوڕووبوونەوە و لێپرسینەوەی یاسایی بوونەتەوە کە نزیکەی ٣٠٠ کەسیان ئەندامی ئەو ناوەندە بوون.

ناوبراو ئیدیعای کردووە کە کێشەی ئەو پارێزەرانە لە ڕێگەی دانوستانەوە چارەسەر کراون و بە مەبەستی پێشگرتن لە پەرەسەندنی گرژییەکان، میدیایی نەکراونەتەوە.

هاوکات شامحەممەدی باسی لە لێدانی دوو پارێزەر لە یەکێک لە بنکەکانی پۆلیسی ئاگاهی کردووە و ڕایگەیاندووە کە حەفتەی ڕابردوو یەکێک لە پارێزەرانی ئەم ناوەندە لەگەڵ پارێزەرێکی دیکە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە لێیان دراوە، کە دواتر بە تۆمارکردنی سکاڵا و بەدواداچوونی بەشی یاسایی ناوەندەکە، هەر دوو سەرپێچیکارەکە دەسبەسەر کراون.

هەر لەو پەیوەندییە و بەپێی ڕاپۆرتێکی "هێرانا"، لە ماوەی یەک ساڵدا لانیکەم ١٣٥ پارێزەر ڕووبەڕووی دەسبەسەرکردن، دۆسییەسازی و قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە بوونەتەوە؛ لەو ژمارەیە ٣٤ پارێزەر دەسبەسەر کراون و ١١ کەسیشیان حوکمی بەندکرانیان بەسەردا سەپێنراوە.

شایانی باسە کە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کاسبکاران و بازاڕییان لە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە لە تاران دەستی پێکرد و بە پەیوەستبوونی خوێندکاران و چین و توێژە جیاوازەکان بوو بە یەکێک لە بەربڵاوترین ناڕەزایەتییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو، کە لە ڕەوتی سەرکوتکردنیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە، هەزاران کەس کوژران و بریندار بوون و دەیان هەزار کەسیش دەسبەسەر کران.