کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیلام؛ سێ هاووڵاتی بەهۆی ژەهراویبوون بە گازی مۆنۆکسیدی کەربۆن گیانیان لەدەست دا

13:00 - 24 خەزەڵوەر 2726

بەهۆی ژەهراویبوون بە گازی مۆنۆکسیدی کەربۆن (گازگرتوویی) لە شاری ئیلام، سێ هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا.

مەهدی شەعبانی، سەرۆکی ناوەندی فریاکەوتنی ئیلام، ڕایگەیاند کە کاتژمێر ١٩:٣٧ خولەکی ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٢ی خەزەڵوەر، ڕووداوی ژەهراویبوون بە گاز لە شەقامی "حەفتی تیر"ی ئەو شارە ڕاگەیەندراوە و دوای گەیشتنی تیمەکانی فریاکەوتن دەرکەوتووە کە سێ کەس بەهۆی ئەو گازەوە گیانیان لەدەست داوە.

لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما، ساڵانە دەیان هاووڵاتی لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەهۆی گازگرتووییەوە دەبنە قوربانی؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە نەبوونی ژێرخانی گونجاوی گەرمکەرەوە، ناستانداردبوونی ئامێرەکانی گەرمکەرەوەی نێوخۆیی و کەمتەرخەمیی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم لە دابینکردنی پێداویستییە سەلامەتەکان و هۆشیارکردنەوەی گشتی، گیانی هاووڵاتییانی بەردەوام خستووەتە مەترسییەوە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی پزیشکیی دادوەریی ڕێژیم، ساڵی ڕابردوو ٨٣١ کەس لە سەرانسەری ئێراندا بەهۆی گازی مۆنۆکسیدی کەربۆنەوە گیانیان لەدەست داوە.