کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل هیوم: کۆماری ئیسلامی بەنیازی تێرۆرکردنی ترامپ بە دڕۆنی بۆمبڕێژکراوە

12:58 - 24 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هیوم" لە زاری بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە کە ڕێکخراوی هەواڵگریی مووساد زانیاریی وردی داوەتە دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) کە نیشان دەدات کۆماری ئیسلامی پلانی تێرۆرکردنی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای کابینەکەی لە ڕێگەی دڕۆنی بۆمبڕێژکراوەوە داڕشتووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دوای کوژرانی عەلی خامنەیی لە سەرەتای هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، هەڕەشە تۆڵەسێنەکانی ئێران قۆناغێکی مەترسیدارتریان بەخۆوە بینیوە.

لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆمان گۆفمەن، بەرپرسی مووساد، لە ئەمریکا لەگەڵ جان ڕاتکلیف، بەرپرسی سی‌ئای‌ئەی بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان کۆ بووەتەوە.

لە دوای ئاشکرابوونی ئەم پلانە، ڕێکارە ئەمنییەتییەکان بۆ پاراستنی ترامپ، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوە، پیت هێگسێت وەزیری شەڕ و سکات بێسێنت وەزیری خەزێنەداری توندتر کراونەتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، بەرنامەکانی ترامپ و بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکا لە شوێنە کراوەکاندا کەم کراوەتەوە و هەندێکیان لە ماڵەکانیانەوە بۆ بنکە سەربازییە پارێزراوەکان گواستراونەتەوە و سیستەمی تایبەتی دژەدڕۆن بۆ پاراستنیان جێگیر کراوە.

بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم هەڕەشە تێرۆریستییانە هۆکاری سەرەکیی گۆڕینی هەڵوێستی ترامپ، دوورخستنەوەی جەی دی ڤانس لە دۆسییەی دانوستانەکان و ڕاگەیاندنی بێنیازیی واشنگتۆن لە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران بوون.

هاوکات پێشبینی دەکرێت ئەمریکا جگە لە گەمارۆی دەریایی و گرتنی سنوورە وشکانییەکانی ئێران بەتایبەت لەگەڵ عێراق و تورکیە، بۆ ڕێگری لە بووژاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ڕێژیم، پەنا بۆ هێرشی سەربازیی نوێش ببات.