
کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مەدەنی و ژینگەیی شاری سەقز پووستێرێکیان بە مەبەستی ڕاگرتنی چالاکییەکانی کانگای زێڕی ئەو شارە بڵاو کردووەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە ژووری هەواڵی کوردکاناڵ گەیشتوون، ئەم چالاکوانانە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەمەبەستی پێشگرتن بە خەسارەکانی ئەم کانگایە بۆ خەڵکی شاری سەقز و ناوچەکە بە بڵاوکردنەوەی ئەم پووستێرە خوازیاری ڕاگرتنی چالاکییەکانی ئەم کانگایە بە زووترین کات بوون.
لەم پووستێرەدا بە ئاماژەدان بە زیانەکانی وەها کانگایەک لەو جوگرافییایەدا هاتووە کە بەرهەمی ئەم کانگایە بۆ خەڵکی سەقز و ناوچەکە تەنیا پیسکردنی ژینگە و کاریگەریی خراپ لەسەر تەندروستیی هاووڵاتییان دەبێت.
پاشماوە زیانبارەکانی ئەم کانگایە بە پیسکردنی ئاوی ڕووباری جەغەتووی سەقز و خاک و خۆڵی ناوچەکە، تەندروستیی خەڵک دەخاتە مەترسییەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، پێشتریش کەمپەینێک لە لایەن کۆمەڵێک لە کارناسان و پسپۆڕانی ژینگەیی لە پارێزگاکانی سنە، ورمێ و تەورێزەوە بۆ راگرتنی بەپەلەی چالاکییەکانی ئەم کانگایە و هەروەها دوو کانگای زێڕی زەڕشۆران و ئاق دەرە، بەڕێوە چووبوو.
ئاوی ڕووباری جەغەتووی سەقز لە کۆتاییدا دەڕژێتە نێو گۆلی ورمێ و دەتوانێت ئەم پیسبوونە ژینگەییەی کانگای زێڕی سەقز تا ئەو پارێزگایە بگەیەنێت.
جیا لە گۆلی ورمێ بەشێکی دیکە لە ئاوی ئەم ڕووبارە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی تەورێز، ڕەوانەی ئەو پارێزگایە کراوە.
لە کەمپەینی ئاماژەکراودا بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی کارناسانی بواری ژینگە هاتووە کە، کانگای زێڕ دەتوانێت ببێتە هۆکاری بەشێکی زۆر لە پیسبوونی ئاو و خاکی ناوچەیەک.
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان کە زۆربەی ئەم پڕۆژانەی ڕێژیم و کەڵکوەرگرتن لە سامانە سروشتییەکان، هیچ کەڵک و سوودێکی بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە تێدا نییە و تەنیا دەسکەوتی خەڵک، دووکەڵی پاشماوە پیسەکانی دەبێت و داهاتەکەشی خەرجی سیاسەتە شەڕەنگێزانەکانی کۆماری ئیسلامی لە جیهاندا دەکرێت.