ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ گوشارخستنە سەر نەیاران و ڕۆژنامەوانانی دەرەوەی وڵات، دەستیان بەسەر سامانی ئەوان و لە زۆر حاڵەتدا سامانی بنەماڵەکانیان لە نێوخۆی ئێراندا گرتووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کە پشتی بە گفتوگۆ لەگەڵ ١٢ هاووڵاتیی دەرەوەی وڵات، پارێزەران و بەڵگەنامە دادوەرییەکان بەستووە، ئەم هەڵمەتە دوای ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ دەستی پێکردووە و لە دوای شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ڕێژیم توندتر بووەتەوە.
دەسەڵاتدارانی تاران بە پشتبەستن بە یاسایەکی دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ساڵی ڕابردوو، هەر جۆرە دژایەتیکردنێکی ئاشکرا بە "هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتە دوژمنکارەکان" لێک دەدەنەوە و دەست بەسەر داراییەکاندا دەگرن.
میدیاکانی سەر بە ڕێژیم لە مانگی خاکەلێوەدا بڵاویان کردەوە کە بەپێی ئەم یاسایە، سامانی زیاتر لە ٤٠٠ کەس لە دانیشتووانی دەرەوەی وڵات دەستی بەسەردا گیراوە.
هاوکات دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم لە ڕێگەی سیستەمێکی ئەلیکترۆنییەوە، پرۆسەی ناسینەوە و بلۆکەکردنی سامانەکانی لە ٤٠٠ ڕۆژەوە بۆ "چەند کرتەیەک" کورت کردووەتەوە.
لە یەکێک لە نموونەکاندا، هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر ماشینی دایکی چالاکێکی دانیشتووی قێبرسدا گرتووە و هەڕەشەیان لێ کردووە کە ئەگەر کوڕەکەی هەژماری ئینستاگرامەکەی دانەخات، دووکان و سامانەکانی زەوت دەکەن.
هەروەها سامان و هەژماری بانکیی چەندین ڕۆژنامەوانی دانیشتووی ئورووپا و ئەمریکای باکوور بەبێ پێدانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی بلۆک کراون.
دەسبەسەرداگرتنی سامانی خزم و کەسوکاری نەیارانی ڕێژیم، تەنانەت بەپێی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامیش "بەتەواوی نایاساییە" و تەنیا وەک ئامرازێک بۆ بەبارمتەگرتنی بنەماڵەکان و بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان بەکار دەهێنرێت.