کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی قووڵی تەندروستی و کەمیی خزمەتگوزاری لە نەخۆشخانە دەوڵەتییەکاندا

15:23 - 23 خەزەڵوەر 2726

کەرتی تەندروستی و نەخۆشخانە دەوڵەتییەکانی ئێران بەهۆی گەندەڵی و کەمتەرخەمیی ڕێژیمەوە تووشی داڕمان بوون، بە شێوەیەک کە نەخۆشەکان لە سەرەتاییترین خزمەتگوزاریی تەندروستی و دەرمان بێبەشن و تێچووی گرانی چارەسەر خراوەتە سەر شانی هاووڵاتییان.

بەپێی ئەو ڕاپۆرت و زانیارییانەی لە شارە جیاوازەکانی ئێرانەوە بڵاو کراونەتەوە، دۆخی پاکوخاوێنی، کەمیی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.

لە نەخۆشخانەی "شوهەدای عەشایر"ی خوڕەماوا، بەهۆی نەبوونی ئاوی گەرم، هاوڕێیانی نەخۆشەکان ناچارن هەر دەبەیەک ئاوی گەرم بە ٩٠ هەزار تمەن لە بووفەی نەخۆشخانەکە بکڕن.

لەلایەکی دیکەوە، لە نەخۆشخانە دەوڵەتییەکاندا مەلافە و پێخەفەکان پیسن و بە نەخۆشەکان ڕادەگەیەنرێت ئەگەر جلی نوێیان دەوێت دەبێت لە فرۆشگای نەخۆشخانە بیکڕن، ئەگەرنا جلی دەستی دوویان پێ دەدرێت.

هەروەها نەبوونی تەخت و کەمیی پەرستار و دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان، هاووڵاتییانی ناچار کردووە پەنا بۆ نەخۆشخانە تایبەتەکان ببەن کە تێچووی هەر شەوێک مانەوە تێیاندا دەگاتە دەیان میلیۆن تمەن.

سەرەڕای ئەم قەیرانە، ڕێژیم لەجیاتی چارەسەرکردنی کێشەکان و پێدانی مووچەی دواکەوتووی کارمەندانی تەندروستی، پەنا بۆ هەڕەشە و سەرکوت دەبات.

لە نەخۆشخانەی "زیائیان"ی تاران، پاش مانگرتنی کارمەندانی بەشی تیشک بەهۆی وەرنەگرتنی مووچە، حەراسەت و بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەکە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ مووساد و تێکدانی ئەمنییەتیی میللی"یان داوەتە پاڵ و بە هەڕەشە ناچاریان کردوون بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.