سەرەڕای بانگەشەکانی بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بە خۆڕاییبوونی خوێندن، وەرگرتنی پارەی زۆرەملێ لە بنەماڵەکان لە قوتابخانە دەوڵەتییەکانی پارێزگای کرماشان بە شێوەیەکی بەربڵاو بەردەوامە و دەیان بەڕێوەبەری قوتابخانە بەهۆی سەرپێچیی داراییەوە ڕەوانەی لێژنەی لێپرسینەوە کراون.
موراد کەڵوەندی، بەرپرسی بەشی هەڵسەنگاندنی کارکردن و وڵامدانەوەی سکاڵاکان لە ئیدارەی گشتیی پەروەردەی پارێزگای کرماشان، دانی بەوەدا ناوە کە بەهۆی وەرگرتنی پارەی زۆرەملێ لە بنەماڵەکان، هۆشداری دراوەتە زیاتر لە ١٠٠ بەڕێوەبەری قوتابخانە لەو پارێزگایە و دەیان بەڕێوەبەری دیکەش بەهۆی گوێنەدان بە هۆشدارییەکان و بەردەوامبوون لە سەرپێچییەکانیان، دۆسییەکانیان ڕەوانەی دەستەی پێداچوونەوە بە سەرپێچییە ئیدارییەکان کراوە.
بەپێی دانپێدانانی ئەو بەرپرسەی پەروەردە، لە هەندێک لە قوتابخانەکاندا بەهۆی نەدانی پارە لەلایەن بنەماڵەکانەوە، گوشار خراوەتە سەر قوتابییان، بانگ کراونەتە نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتی و تەنانەت ڕێگری لە چوونەژوورەوەیان بۆ نێو پۆلەکانی خوێندن کراوە.
ئەم دیاردەیە لە کاتێکدایە کە بەپێی دەستووری خودی کۆماری ئیسلامی، خوێندن لە قوتابخانە دەوڵەتییەکان دەبێت بەخۆڕایی بێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی ئابووری و نەبوونی بودجەی پێویست بۆ پەروەردە، تێچووی بەڕێوەبردنی قوتابخانەکان بە شێوەیەکی نایاسایی دەخرێتە سەر شانی بنەماڵە هەژار و کەمداهاتەکانی کوردستان.