کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەی تووشبووان بە شەکرە و پێش‌شەکرە لە ئێران گەیشتە ٢٠ میلیۆن کەس

15:50 - 23 خەزەڵوەر 2726

جێگری وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم ڕایگەیاند کە نزیکەی ٢٠ میلیۆن کەس لە ئێران تووشی نەخۆشیی شەکرە و پێش‌شەکرە بوون؛ ئامارێک کە باس لە پەرەسەندنی کێشەکانی تەندروستیی گشتی و لاوازیی سیاسەتەکانی خۆپارێزی دەکات.

عەلیڕەزا مەهدەوی، جێگری ناوەندی بەڕێوەبردنی نەخۆشییە ناگواستراوەکان لە وەزارەتی تەندروستی، ڕایگەیاند کە ژمارەی کەسانی تووشبوو بە شەکرە و پێش‌شەکرە لە ئێران گەیشتووەتە نزیکەی ٢٠ میلیۆن کەس.

ناوبراو قەڵەویی منداڵان، کەمجووڵەیی و زیادبوونی کاتی بەکارهێنانی شاشەکانی بە هۆکارە کاریگەرەکان لە زیادبوونی تووشبوون بەم نەخۆشییە زانی و وتی کە تەمەنی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو دابەزیوە و حاڵەتەکانی تووشبوون لەناو مێرمنداڵانیشدا دەبینرێت.

بە وتەی مەهدەوی، نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو لە ڕابردوودا زیاتر لە کەسانی سەروو ٤٠ ساڵدا دەبینرا، بەڵام ئێستا ئەم نەخۆشییە گەیشتووەتە چینە تەمەنییە نزمترەکانیشەوە.

پەرەسەندنی ئەم نەخۆشییە لە بارودۆخێکدا ڕوو دەدات کە کێشە ئابوورییەکان، دابەزینی توانای کڕین و سەختیی دابینکردنی خۆراکی تەندروست، تەندروستیی بنەماڵەکانی خستووەتە مەترسییەوە.

سەرەڕای ئەم ڕەوتە، سیاسەتەکانی خۆپارێزی و کارکردی دەزگا بەرپرسیارەکانی ڕێژیم هێشتا هەنگاوی کردەییان بۆ ئەو مەبەستە هەڵنەهێناوەتەوە.