کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵگەی مەدەنی وەک قەڵغانێک بەرانبەر قەنگەڵاشکێک لە بیرۆکەی هاوردە

11:11 - 20 خەزەڵوەر 2726


سمایل شەرەفی

کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و ڕاوەستان بەرانبەر بەو بیرۆکە هاوردانەی کە لەگەڵ بەها، کولتوور یان بەرژەوەندییە نیشتمانی و کۆمەڵایەتییەکاندا ناتەبا بن. بەرەنگاربوونەوەی بیرۆکەی هاوردە لە لایەن کۆمەڵگەی مەدەنییەوە لە ڕێگەی بەهێزکردنی هۆشیاریی گشتی، گەشەپێدانی بەرهەمی فیکریی خۆماڵی (نەتەوەیی) و دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان کرانەوە بەڕووی جیهان و پاراستنی تایبەتمەندییە کولتوورییەکاندا دەبێت.

کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای تێپەڕاندنی چەند قۆناغێک لە ڕەوتی گەشەسەندنی لە ئاستی جەماوەریدا، لە ئاستێکی بەرزی بەرگریکردن لە شوناسی نەتەوەیی و ڕاوەستان بەرانبەر بە هەر جۆرە بیرۆکەیەکی هاوردەی ناتەبا لەگەڵ بەرژەوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵگەی کوردستاندایە.

کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان کە توانیویەتی بە «حەوتخان»ی پیلانگێڕییە ڕەنگاوڕەنگەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و ڕەوتە ناڕەسەن و دوور لە بەها کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی ژینگەی ڕاستەقینەی خۆیدا تێپەڕێت، ئەمڕۆ بە پشتبەستن بە متمانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، وەک قەڵغان و پەرژینێک بەرانبەر بە هەر بیرۆکەیەکی هاوردەی ناسازگار لەگەڵ بەها کولتووری و نیشتمانییەکانی کورد و کوردستان ڕۆڵ دەگێڕێت.

چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هاوتەریب لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و کۆمەڵی کوردەواری، بە پێڕەویکردن لە گوتار و نەخشەڕێی نەتەوەیی و شوناسخوازانە، لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی تاکەکانی کۆمەڵگەدا دەور و ڕۆڵیان گێڕاوە، بە دەستەبەرکردنی متمانەی کۆمەڵگە، پێگەیەکی سەقامگیر و چەسپاویان لە کوردستاندا هەیە.

پێگە و نفووزی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان لەگەڵ ئاوێتەبوونی بە هۆشیاریی گشتی لە کۆمەڵگە، هێزی بەڕێکخستنکردنی کۆمەڵگەی کوردستانی پێ بەخشیوە کە دەتوانێ بەخێرایی بەرانبەر بە هەر پرس و بابەتێکی ڕۆژ، ڕەفتاری گونجاو لە خۆی نیشان بدات. خودی بەڕۆژبوونی ڕەفتاری کۆمەڵگەی مەدەنی و دژکردەوە نیشاندان بەرانبەر بە پێشهات و ڕووداوەکان، هۆکارێکی دیکەی متمانەبەخشینی کۆمەڵگەیە بە ڕێکخراوە مەدەنییەکان و چالاکانی بوارەکە.

لە دوو بۆ سێ دەیەی ڕابردوودا کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان کە لە ڕێکخستنی ڕەفتاری گشتیی کۆمەڵگە لە ڕووداو، بۆنە و ڕێوڕەسمە جۆراوجۆرەکانی وەک: «بوومەلەرزە»، « ڕنوو»، بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و نەورۆزە جەماوەرییەکانی وەک «جامانەکان» و «خاکیپۆشان» و بەڕێوەبردنی دەیان کارنەواڵی دەیان هەزار کەسی لە شار و ناوچەکانی کوردستان، دەور و ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە، لە هەمان کاتدا بەرانبەر بە ئیدە و بیرۆکە هاوردەکانی ناسازگار و نامۆ لەگەڵ بەها کولتووری و کۆمەڵایەتی و خەباتگێڕییە سیاسییەکانی کوردستان، وەک قەڵغان ڕاوەستاوە و ڕۆڵی «پێشپێگری» (بازدارەندەگی) گێڕاوە.     

لە کۆتاییەکانی دەیەی حەفتای هەتاویدا کە ڕەوتی بەناو «ڕێفۆرمخوازیی حکوومەتی» بە لێشاو فەزای سیاسیی ئێرانی گرتەوە، کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان لەگەڵ ئەوەی لە خودی فەزای ڕەوتەکە وەک دەرفەتێک بە مەبەستی گەشەپێدانی خۆی کەڵکی وەرگرت، بەپێچەوانەی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێرانی، نەک تەنیا لە گوتار و ڕەفتاری ئەو ڕەوتەدا نەتوایەوە، بەڵکوو سەربەخۆیی گوتاری و ڕەفتاریی خۆی لە کانتێکستی شوناسخوازیی نەتەوەییدا پاراست و هاوتەریب لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسیی کورد، پاشەکشەی بە «تێڕوانینی ڕێفۆرمخوازی لە چوارچێوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی» لە کوردستاندا کرد.

لە تازەترینی ئەم ڕۆڵگێڕانەی کۆمەڵگەی مەدەنی وەک پەرژین و قەڵغانێک بەرانبەر بە بیرۆکەی هاوردە و نامۆ بە بەها سیاسی و نیشتمانییەکانی کوردستان، دەکرێ ئاماژە بە هەڵوێستی ڕوون و ڕاشکاوانەی چالاکانی مەدەنی لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان و نووسین و لێدوانەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرانبەر بە بیرۆکەی «ئینتگراسیۆن» (توانەوە) بکەین. لەم پێوەندییەدا چالاکانی مەدەنی لە نێوخۆی وڵات وێڕای پشتیوانی و پێداگرییان لەسەر بزووتنەوەی نەتەوەیی و شوناسخوازانەی کوردستان و ئەو نەخشەڕێ متمانەپێکراوە مێژووییەی کە بزووتنەوەی کورد لە کۆماری کوردستانەوە بۆ دەستەبەرکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس، سەروەریی ستاتۆی کوردستان و ڕێزگرتن لە بەها و سەروەرییە خەباتگێڕییەکانی کورد دایڕشتووە، دژایەتیی خۆیان بەرانبەر بە هەر بیرۆکەیەکی هاوردە و، یەک لەوان ئینتگراسیۆن، ڕاگەیاندووە.

بۆیە بە سەرنجدان بە دەوری کۆمەڵگەی مەدەنی لە پاراستنی کوردستان لە هەر بیرۆکەیەکی هاوردە و نامۆ – نەک سازگار و بەقازانج - لە دوو تا سێ دەیەی ڕابردوودا و، هەروەها بۆشایی هێزی کۆمەڵگەی مەدەنی لە چەند دەیەی ڕابردووتردا کە بەداخەوە تێیاندا بەشێک لە بزووتنەوە و کۆمەڵگەی کوردستان تووشی هێندێک بیرۆکەی هاوردە و پڕ لە خەساری «چەپڕەوی» بۆ کوردستان و بزووتنەوەی مافخوازانەکەی بوون، بەهێزترکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان ئەرکێکی پێویستە.

لە ئێستادا کە داهاتووی کوردستان و بزووتنەوەی سیاسی ڕووی لە خێرایی پێشهاتە سیاسییەکانە، لە پارادایمی «پاراستنی ژێرخان و سەرخانی کوردستان و چەسپاندنی سەقامگیری»دا پێویست و بەقازانجە کە کۆمەڵگەی مەدەنی وێڕای پاراستنی ماهییەت و سەربەخۆیی خۆی، ڕۆڵی بەشداری لە بەڕێوەبردندا بگێڕێت.