مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی هەینیی سونە مەزهەبی زاهێدان، لە وتاری ئەمجارەیدا سەبارەت بە شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانەکان لە ئێران هۆشداریی دا و ئاشکرای کرد کە ٧ هەزار بەندکراو لە سەرانسەری ئێراندا مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەیان لەسەرە.
ناوبراو لە وتارەکەی ڕۆژی هەینی ٢٢ی خەزەڵوەردا ڕایگەیاند کە لە کۆی ئەو حەوت هەزار بەندکراوە، ٢ هەزار کەسیان خەڵکی پارێزگای سیستان و بەلووچستانن و داوای لە ناوەندە دادوەری و بڕیاردەرەکانی کۆماری ئیسلامی کرد بە زووترین کات ڕەوتی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕابگرن.
مەولەوی عەبدولحەمید جەختی لەوەش کردەوە کە درێژەدان بە سیاسەتی لەسێدارەدان نە لە قازانجی خەڵکە و نە لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدایە. هاوکات پێشوازیی لە هەر هەنگاوێک کرد کە ببێتە هۆی ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان بۆ تۆمەتبارانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان.
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، پێشنوێژی هەینیی زاهێدان ئاماژەی بە قەیرانی قووڵی ئابووری، دۆخی سەختی گوزەرانی هاووڵاتییان و لێکەوتە ماڵوێرانکەرەکانی شەڕ کرد و داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کرد ڕێگری لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان و شەڕ بکەن.