کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داڕووخانی دۆخی سیاسی و دیپلۆماسیی

13:49 - 22 رەشەمه 2722

محەممەد سولەیمانی

سیاسەتی شەڕەنگێزی و خۆبەزلزانیی کاربەدەستانی ورد و درشتی ڕێژیمی ئاخوندی تا دێت ناوەندی بڕیاری سیاسی  و دیپلۆماسیی وڵاتانی ئۆروپایی، بە هەڵوێستە دوژمنکارانەکانییان زیاتر لە خۆیان نیگەران و تووڕە دەکا و ئەگەر تا دوێنی هێندێک لە وڵاتانی ڕۆژاوایی بە هۆی کۆمەڵێک بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووری و بازرگانیان لەگەڵ ئێراندا، چاوپۆشییان لە کۆمەڵێک پێشیلکاریی ئەو وڵاتە دەکرد و خۆیان لە قەیری نەدەدا، پاش تێکچوونی هاوسەنگیی سیاسی و سەرهەڵدانی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئورووپا بە هۆی هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراینا و بێلایەننەبوونی تاران لەو شەڕەدا و چوونە نێو بەرەی پووتین، بەدڵنیاییەوە کۆمەڵێک ڕەهەند و بیرکردنەوەی ستراتێژیی سیاسی لە ناوەندی بڕیاری سیاسیی پارلمانی یەکیەتیی ئورووپا بە دژی ئێرانی لێ کەوتۆتەوە.

سیاسەتی یەکیەتیی ئورووپا لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی و ئاسایشی سیاسی و نەتەوەیی بینا نراوە و هەر وڵات و هێزێک مەترسیی لەسەر دروست بکات، وەک نەیار و دژبەری سەرەکی سەیری دەکەن و هەرکارێك دەکەن بۆ دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر ئامانجە هاوبەشە گرینگەکانیان. وەختێک ڕێژیمی ئێران بووە بە بەشێک لە بەرەی ڕووسیە و مۆسکۆش بە دیاریکراوی وەک گەورە نەیاری خۆیان دەزانن و ئەگەر سەیری ڕووداوەکانی ئەو یەک ساڵەی ڕووداوە سیاسییەکان بکەن، ئەوکات زیاتر لە قووڵیی نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە ئاڵۆزییە سیاسی و سەربازییەکان بە هۆی دەستپێکردنی شەڕ لە ئۆکراینا، ئەوکات باشتر لە نیگەرانیی ڕۆژاوا و ئامریکا سەبارەت بە ئێران تێدەگەین.

کاربەدەستانی باڵای سیاسی و سەربازیی ڕێژیمی ئاخوندی هەر لە خۆیانەوە دەستیان بە لێدوان و قسەی ڕەق لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەدا بەرامبەر بە وڵاتانی ڕۆژاوا و ئامریکا نەکردووە و بەدڵنیاییەوە هەستیان بەو هەرەوەز و کۆدەنگییە گشتییە لەهەمبەر هەڵوێستە نابەجێکانی تاراندا کردووە و ڕۆژانە هێرش دەکەنە سەر دژبەرەکانیان. 

سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی ڕۆژاوا سەبارەت بە ڕێژیمی ئاخوندی بەتەواوی گۆڕانی بەسەردا هاتووە و زۆر بە هەستیارییەوە چاوەدێریی جووڵە سیاسی و سەربازییەکانی تاران دەکەن و وەک نەیارێکی مەترسیداری نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی دەرەوەدا تەماشای دەکەن و ئەگەر لە ئێستادا هەڵوێستی زۆر ڕەق بەدژی ناگرن، لەبەر ئەوە نییە کە بیانهەوێت پەیوەندییە سیاسی و دێپلۆماسییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتێکدا ڕێک بخەنەوە، کە ڕۆژانە مرۆڤی ئازادیخواز بڕیاری ناڕەوای سێدارەیان بەسەردا دەدرێت.

بەڵکوو مەبەستیانە ئەو وڵاتە هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ڕووسیە زیاتر نەکا و بەتەواوی نەچێتە باوەشی پووتین بۆ لێدانی بەرژەوەندییە سیاسی و ستراتێژییەکانی جەمسەری ڕۆژاوا.

 تاران سنووری دژایەتی و بەنەیاردانانی وڵاتانی زۆر بەرفراوان کردووە و لەو چەند ڕۆژەدا بەرپرسانی باڵای سەربازیی ڕێژیمی ئاخوندی دەستیان بە هێرشکردن بۆسەر وڵاتانی ئورووپاش کردووە و وەک نەیاری خۆیان و بە هۆکاری ئاڵۆزییە نێوخۆییەکانی وڵاتیان دەزانن.

لێدوانی توندئاژۆیانەی کاربەدەستانی تاران سەبارەت بە وڵاتانی ڕۆژاوا و ڕیزکردنیان لە ڕیزی نەیارەکانیاندا، بەدڵنیایەوە زەمینەی خاوبوونەوەی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی بەتەواوی سەلماند و وەک جاران کاربەدەستە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی ئێران، ناتوانن لە دەرگای هەر وڵاتێک بدەن و داوای هاوکاری و پشتیوانیی لێ بکەن لەمەڕ پێکگەیشتنیان لەگەڵ ئامریکادا کە بە نەیاری سەرسەختی خۆیان داناوە و بەردەوام بە هەڕەشەیان زانیوە لەسەر فراوانخوازییەکانیان لەسەر ئاستی ناوچەییدا.

گوشارە سیاسی و ئابوورییەکان بۆسەر کاربەدەستانی باڵای ڕێژیم  پاش دەستپێکردنی شۆڕشی ژینا و بە نێودەوڵەتیبوونی پرسی نەتەوەیی لە ئێراندا، بەخۆشیەوە زەمینەی پشتیوانی و هەرەوەزێکی  گشتیی نێودەوڵەتیی بەدژی سیاسەتی سەرکوت لەو وڵاتەی بە دوای خۆیدا هێنا و دەبینین کە لە گشت لایەکەوە ڕێژیم خراوەتە ژێر گەمارۆ و بەپێچەوانەوە دەرگای فرەتر بەسەر هێزە دژبەرەکانی ئێراندا لەسەر ئاستی ڕۆژاوادا دەخرێتە سەرپشت.

تاران بەدوای شکەستە یەک بەدوای یەکە نێودەوڵەتییەکاندا، گەڕێکی نوێی لە چالاکییە پیلانگێرییە ناوچەیەکان دەست پێکردووە و بەرپرسی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران  بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی سەر سنوورەکانیان، سەردانی عێراق دەکات. لەو دۆخەی ئێران لەسەر ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتی تێی کەوتووە، پێناچێت حکوومەتی بەغدا بە کۆی مەرجەکانی ئەو وڵاتە ڕازی بێ و لەو بەستێنە سیاسی و دیپلۆماسییەدا ناکرێت بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکادا وەلا بنێن و هەموو شتێک بەدڵی تاران بکەن.

ڕێژیمی ئێران دەمێکە هەوڵ دەدات لە ڕێگای میلیشیا چەکدارەکانی نزیک لە ئێران باڵانسی بڕیاردانی سیاسیی حکوومەتی عێراق بەسوودی تاران بگۆڕێ  بۆ ئەوەی بتوانن گوشاری فرەتر لەسەر هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست بکات و ئامانجی دیاری ڕێژیم بەدیاریکراوی حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ڕووداوە سیاسییەکانی ئێران و کوردستان هەیە.

 کۆشکی سپی وێڕای ڕەتکردنەوەی هەر هەوڵێک بۆ زیندووکردنەوەی بەرجام، پشتیوانی هەنگاوەکانی تەلەڤیڤ دەکات بۆ لێدانی بنکە و پێگە ناوکی و سەربازییەکانی ئێران، هەر وەک لەو ماوەیەدا چەند هێرشی خێرا لەنێو ئێراندا ئەنجام دراون.

بەگشتی بارودۆخی سیاسی و دیپلۆماسیی ئێران وەک ئابوورییەکەی بەتەواوی بەسەر یەکدا ڕووخاوە و کاتێک وەزیری دەرەوەی ئێران لە شۆرای مافی مرۆڤی کۆمەڵەی نەتەوەکان، وتاری پێشکەش کرد زۆرینەی بەشداران سالۆنەکەیان بەجێ هێشت، وەک ناڕەزایەتیدەربڕین بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و توندوتیژیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئاخوندی بەرامبەر بە خەڵکی ئازادیخواز و ئەو هەڵوێستەش ڕەتکردنەوەی ئیدیعاکانی تاران بوو کە هەوڵی بەلاڕێدابردنی بیروڕای نێودەوڵەتی بەنیسبەت ڕووداوە نێوخۆیەکانی وڵات  لەو ئاستە بەرزە لە  دیپڵۆماسی دەدا.  

تاران لە زۆر جەمسەرەوە  لەسەر ئاستی جیهاندا دژایەتیی جیدی دەکرێ و دەرکەوتن و لێدوانی بەرپرسانی باڵای نیزام، لەبەر ئەوە نییە کە هەست بە ئاسایشی سیاسی و ئەمنییەتی دەکەن، بەڵکوو بە پێچەوانە بەسەر دۆخێكدا کەوتوون کە لە مێژووی سیاسی و حوکمڕانیاندا، دژواری ئەوتۆیان بەچاوی خۆیان نەدیتووە. دژایەتییەکانی ئەو جار بەتەواوی جیاوازن لە هەڵوێستەکانی ساڵانی ڕابردوو و گێتی بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەو ئاکامە گەیشتووە، کاتێک جیهان ئاسوودەیی و ئارامی بەخۆیەوە دەبینێت کە دەسەڵاتی ئێران بە تەواوی داڕمابێت و حکوومەتێکی دێموکراتیک و فرەڕەهەند و فرەچەشن شوێنی بگرێتەوە.

بێگومان بەردەوامیی ئەو  شێوە لە دژایەتیکردنی ڕێژیمی ئاخوندی و سیاسەتەکانی،  زەمینەی ڕووخاندنی دەسەڵاتی تاران جگە لە ساناترەکردن، ڕەوتەکەش خێراتر دەکات، بەمەرجێک کە ئامریکا و ئورووپا هاوکاریی ئەو بەرەی دژبەرانی تاران بکەن کە باوەڕیان بە گۆڕانێکی بنەڕەتی و جەوهەری لە شێوەی ساختار و پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوودا هەیە.

حکوومەتی ئێران هەر بە تەنیا مەترسی لەسەر ئاستی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نییە، بەڵکوو بووەتە هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی بەگشتی لە ئێستادا و ئەگەر بە خێرایی هەوسارنەکرێ و ڕێگری لێ نەکرێت، پاش دەسپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکی، ئەوکات ڕیشەکەنکردنی دژوارتر ئەبێت.

ئەگەر ئاوڕێکی سەرپێیی لە هەڵوێستە دژبەیەکەکانی بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازیی ئێران بدەینەوە، ئەوکات باشتر لە قووڵیی نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە داهاتووی نیزامی ئاخوندی تێدەگەین و ڕێگایەکیان بۆ دەربازبوون لە کۆی قەیرانەکان بۆ نەماوەتەوە و کاتێک کێشەکان لەسەر یەک کەڵەکەتردەبن، هەر بەو ڕادەیەش درز و ناکۆکی دەخاتە نێو قۆڵە ناکۆکەکانی نێو بازنەی دەسەڵاتی ئێران. بەهۆی شڵەژانی شەقامی سیاسی لە ئێران و بەربڵاوتربوونی ئاستی ناڕەزایەتی و بەرفراوانتربوون و ڕادیکاڵتربوونی ئاستی خواستە سیاسی و نەتەوەییەکان، ڕێگایەک بۆ ئەو دەسەڵاتە نەماوەتەوە جگە لە دەستبەرداربوون و ڕادەستکردنی دەسەڵات بە گەلانی پێكهێنەری وڵات.

مێژووی ڕووداوە سیاسی و سەربازییەکان ئەو ڕاستییەی بەتەواوی سەلماندووە، ئێران لە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیدا، ناتوانێ سەر بکەوێ و پێشڕەوی بکات و لێدوانی کاربەدەستانی تاران، هاوارکردنە لە بێهێزی و بێدەسەڵاتبوونیان. باشە ئەگەر تاران هێندە شانازی بە توانا سەربازی و بەرگرییەکانی دەکات، ئەی بۆ جارێک نەیانتوانی ڕووبەڕووی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل ببنەوە کە لە نێوخۆی ئێران و سووریەدا دەکرێتە سەر پێگە سەربازییەکانیان و هەر جارێک دنیایەک زیانیان پێ دەگات.