کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی هێرانا؛ شەپۆلی نوێی دەسبەسەرکردن و لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی

15:07 - 6 جۆزەردان 2726

کۆمەڵەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران (هێرانا) ڕایگەیاند، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، پرۆسەی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە دۆسییە سیاسی و ئەمنییەتییەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و تا ئێستا ٣٧ هاووڵاتی لە سێدارە دراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی ئەم ڕێکخراوەیە، کۆماری ئیسلامی کەشێکی توندی ئەمنییەتیی لە سەرانسەری ئێراندا سەپاندووە.

دامەزراوە ئەمنییەتی و هەواڵگرییەکانی ڕێژیم لەم ماوەیەدا دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانیان پەرە پێداوە و تۆمەتی وەک "سیخوڕی" و "تێکدانی ئەمنییەتی میللی" دەدەنە پاڵ دەسبەسەرکراوان.

هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە سەپاندنی سنووردارکردنی بەرفراوان بەسەر ئازادیی ڕادەربڕین و زیادبوونی گوشارە ئەمنییەتییەکان دەکات.

هێرانا ئاشکرای کردووە کە تەنیا لە ماوەی نێوان ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ تا ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی، لانیکەم ٤ هەزار و ٢٣ هاووڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون. لە بەشێکی بەرچاوی دۆسییەی ئەم دەسبەسەرکراوانەدا، تۆمەتی وەک "پەیوەندی" یان "هاوکاری لەگەڵ میدیا بیانییەکان" خراوەتە پاڵیان.