کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرەی باشوور: ئێران هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکەی ئێمە

15:08 - 6 جۆزەردان 2726

دەوڵەتی کۆرەی باشوور بە نیازە باڵیۆزی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سێئول بانگهێشت بکات، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک دژی هێرشکردنە سەر کەشتیی بارهەڵگری "ئێچ ئێم ئێم نامۆ" (HMM Namu) کە لە نزیک گەرووی هۆرمۆز کرایە ئامانج.

هەواڵدەریی "کەی بی ئێس"ی کۆرەی باشوور، ڕۆژی چوارشەممە بڵاوی کردەوە کە سێئول ئێستا تاران بە بەرپرسیار و تێوەگڵاو لەم هێرشە دەزانێت؛ ئەم بڕیارەش دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە فەرمییەکانی وەزارەتی دەرەوەی کۆرەی باشوور دێت کە ڕایگەیاندبوو ئەگەری ئەوەی وڵاتێکی دیکە جگە لە ئێران لە پشت هێرشەکەوە بێت، زۆر کەمە.

بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، کەشتیی "ئێچ ئێم ئێم نامۆ" ڕۆژی ١٤ی بانەمەڕ، لە کاتی لەنگەرگرتنی لە ئاوەکانی نزیک ئیمارات لە گەرووی هۆرمۆز، لەلایەن دوو دڕۆن یان مووشەک پێکراوە.

پێشتر دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندبوو کە ئێران تەقەی لەو کەشتییە کردووە و داوای لە سێئول کردبوو بچێتە پاڵ هاوپەیمانیی دەریایی ئەمریکا بۆ پاراستنی ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز. لە بەرامبەردا، باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی لە سێئول بە توندی هەر جۆرە تێوەگلانێکی هێزە چەکدارەکانی ئێرانی لەم ڕووداوەدا ڕەت کردووەتەوە.