''موحسێن ڕەنانی'' ئابووریناسێکی ڕێژیم، لەبارەی دۆخی خراپی ئابووریی ئێران، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هۆشداریی داوە و نووسیویەتی: ''ئابووری و سیستمی ڕاوێژ و بۆنگا و ڕێکخراوەکان و تەنانەت بنەماڵەکانیش لە کۆمەڵگای ئێمە ناکارامە، پرتوکاو و بێ توانا بوونە''.
ئەم ئابووریناسەی سەر بە ڕێژیم وتوویەتی: ''هەموومان خەریکین بەرەو کەندەڵانێک هەڵدەدێردرێین، دوعا دەکەم کە کرێکاران و خانەنشینکراوان مان نەگرن کە لاوانی ماندوو و بێهیوا دەست بە خۆپیشاندان بکەن''.
ناوبراو باسی لەوە کردووە: "لە ئێستادا چیدیکە نەوت ناتوانێت ناکارامەییەکانی ئێمە قەرەبوو بکاتەوە و قەیرانەکان یەک بە دوای یەک بە سەرماندا کۆ دەبنەوە، دەبێ بەخێرایی گۆڕانکاری لە شێوەی ژیانی خۆمان لە بواری ئابووری و سیاسەت و کۆمەڵایەتی پێک بێنین، ئەگەرنا زووتر لەوەی کە بیری لێ دەکەینەوە، درەنگ دەبێت''.
''ڕەنانی'' وتوویەتی، هەموو ئەوانە نیشان دەدات کە ڕەوتی ئێستای ئێران چیدیکە توانای درێژەدانی نییە و ئەزموونی دەیەکانی ڕابردووی سیستمی بەڕێوەبەریی ئێمە شتێک جگە لە ناکارەمەیی و شکست نیشان نادات و ئەگەر بەم شێوەیە بڕواتە پێش کۆمەڵگا و سەرچاوە مادی و سروشتی و مرۆییەکان بەرەو لەنێوچوون دەچێت.
ناوبراو لە کۆتاییدا بەنیسبەت دۆخی لە حاڵی خرۆشانی خەڵک وتوویەتی: ''ئەم ڕۆژانە لە خودا دەپاڕێمەوە کە بورس نەشکێت، نرخی دۆلار بەرز نەبێتەوە، هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر سەر هەڵنەدات، سەبر و تاقەتی هەژاران کۆتایی پێ نەیەت، بێکاران نەڕژێنە سەر شەقامەکان، کرێکاران مان نەگرن، ترامپ کارێک نەکات، ئیسرائیل هانمان نەدات و نیزامییەکانیش بە هەڵە مووشک نەهاوێژن".