کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاودانان؛ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی ٦ هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ٢٦ی خەزەڵوەر

09:34 - 27 خەزەڵوەر 2726

٦ هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانانی ئیلام بە ناوەکانی «سینا دەرویشی»، مێرمنداڵی ١۵ ساڵە، «ئیرەج حەیدەری»، «سەعید عەبدوڵڵاهی»، «ئارمین سولەیمانی»، «ئەسغەر ئەکبەری» و «بێهنام مورادی» لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئاودانان سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتیی ئیلامی لە ڕووداوە دڵتەزێنەکەی وەرگەڕانی ئوتوبووسی کرێکارانی شیرکەتی پێترۆپالایش دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، ئەم ٦ هاووڵاتییە دوای دەسبەسەرکرانیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی سێشەممە ٢۶ی خەزەڵوەری ١۴۰۵، لە دوای گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتیی ئاودانانی ئیلام لە وەرگەڕانی ئوتوبووسی کرێکارانی پێترۆپالایش، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان لە ئاودانان سەری هەڵدا.

سەدان کەس لە هاووڵاتییان بە وتنەوەی دروشم دژی بەرپرسانی ڕێژیم بەرانبەر بە پشتگوێخستنی دۆخی ڕێگاوبانەکان، بێبەشبوونی ژێرخانی پارێزگای ئیلام و بەڕێوەبەریی ناکارامە و کەمتەرخەمی بەرپرسانی ڕێژیم ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، بەشێکی گەورەی بازاڕی ئاودانان، هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان مانیان گرت.

بە وتەی کوردپا، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان، هێزەکانی یەکەی تایبەت و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەنێو شاردا جێگیر کراون.

کۆبوونەوەکان تا ئێوارە و شەو درێژەی هەبووە و ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە خاوکردنەوەی هێڵی ئینتێرنێت و تەقاندنی گازی فرمێسکڕێژ و گولـلەی ساچمەیی لەلایەن هێزەکانی یەکەی تایبەتەوە بەرەوڕووی خۆپیشاندەران بڵاو بووەوە.