✍️دارسمە
ئەم ڕاگەیەندراوە بۆ هەموو ئەو کەسانەیە ئێستا لە بواری تەمەنەوە دە نێوەوە چوونە و هێشتا هاوبەشی ژیانی خۆیان بۆ دەستەبەر نەبووە. دەستەبەر نەبوونیش بەو مانایە نییە، ئەم کەسانە بیلامانێ بێ دەمولووت بوونە و نەیانتوانیوە دەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەردا قسە بکەن و یان هەستیان بە خۆشەویستی بەرانبەر بە کەسی بەرانبەریان نەکردووە و نەیانزانیوە یان بیریان لەوە نەکردووەتەوە هاوبەش یان هاوسەرێک بۆ داهاتووی ژیانیان هەڵبژێرن. بۆ ئەوەی زۆر نەبێتە درێژدادڕی، لە خوارەوە بەوردی دەڕۆمە نێو ئەم بابەتە و وابزانن ڕاگەیەندراوێک دەخوێنمەوە:
خاهەران و برادرانی موحتەرەم،
خانمان و ئاقایانی ڕەبەن،
پەیڕەوانی بەئەمەگی ڕێبازی پیرۆزی جانفیدایانی ڕەهبەر،
وەک ئاگادارن، ماوەیەکە بزاڤی پیرۆزی جانفیدایانی ڕەهبەر بەتایبەت لە کەڵانشاری هەرە گەورەی ئێران و پایتەختی کۆماری ئیسلامی دەستی پێ کردووە. لێرەدا بە پێویستی دەزانین چەند خاڵێکی گرنگ بۆ ئوممەتی هەمیشە دەرسەحنە و جانفیدایانی ڕەهبەر سەبارەت بە ئامانجی گشتیی کۆبوونەوەکانی شەوانی جانفیدایان ڕوون بکەینەوە کە بریتین لە:
١. ئەم کۆبوونەوانە لە دوو ئامانجی سەرەکی و بنەکی پێک هاتوون. لێرەدا مانای دوو وشەی سەرەکی و بنهکی تەنیا تایبەت بەم ڕاگەیەندراوەی بەرچاوتانە، هەر لەبەر ئەمەشە ئەم دوو وشەیە پێویستییان به لێکدانەوە و شرۆڤەی نوێ هەیە و وەک فارس دەڵێن پێویستە بەردەنگان بە تەواوی «شیرفەهم» بکرێن.
٢. مەبەست لە سەرەکی ئەوەی سەرەوە و لە بنەکیش ئەوەی بنەوەیە. جا ئەوەی سەرەوە بریتییە لە: مەرگ بەر ئەمریکا - مەرگ بەر ئیسرائیل و جانم فیدای ڕەهبەر و لەو جۆرە شتانە و ئامانجیش مانەوە و بەردەوامبوونە و هیچی دیکە. بەڵام بۆ تێگەیشتن لە ئەوەی بنەوە، پێویستە ئەوانەی تێی ناگەن سەبارەت بە ناسینی ڕەهبەری ڕاستەقینە بە قووڵی شیرفەهم بکرێن.
٣. بەشداربووانی کۆبوونەوەی شەوانە دوو ئامانجی جودایان هەیە و بەشێکیان ئامانجیان سەرەکییە و بەشی دووەم ئامانجی بنەکییان هەیە.
٤. لە کۆتاییدا دوو ئامانجی سەرەکی و بنەکی، بەشداربووانی کۆڕ و کۆبوونەوەی شەوانی جانفیدایانی ڕەهبەر لە شوێنێکدا یەک دەگرنەوە و ئەم یەکگرتنەوە و ڕێککەوتنەش ئەگەر تووشی ڕیزش نەبێت، جگە لە خوا کەس نازانێت تا کەی بەردەوام دەبێت.
تێبینیی یەکەم: پێویستە بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە وشەی «شیرفەهم»ی فارسی ئەگەر بکرێت هاوتایەک یان ئیدیۆمێکی کوردیی بۆ بدۆزرێتەوە و ڕەنگە «لە بنی کوولەکە دان» لە زمانی کوردیدا هاوتایەکی باش بێت. بەڵام پێویستییەکی بەپەلە ئەمەیە دەبێت هەم «شیرفەهم» و هەم «لە بنی کوولەکە دان» بە وردی شی بکرێنەوە.
شیرفەهم: مەبەست لە شیرفەهم ئەوەیە بابەتەکان وا شی بکرێنەوە منداڵی شیرەخۆرەش لێیان تێبگات یان بە جۆرێک شی بکرێنەوە مرۆڤ چۆن لە کاتی شیرەخۆرەییەوە هەتا گەورە دەبێت لە پێڤاژۆیەکی دوور و درێژدا بە وردی لە بابەتە هەستیارەکان تێدەگات، ئەوا تێیان بگات.
لە بنی کوولەکە دان: لە ڕابردوودا جۆرە کوولەکەیەک دەچێندرا، دوای پێگەیشتن ناوەکەی بەتاڵ دەکرا و قاپۆڕ و قەپێلکی سادە و تەنک دەمایەوە و شتی وردی وشکیان تێدا هەڵدەگرت. کاتێک دەڵێن بۆی لە بنی کوولەکە دا یانی ئەوەی دە نێو کوولەکەدا بوو، بەتاڵی کرد و چەند زەبری لە بنی کوولەکەکە دا و هیچی تێدا نەهێشتەوە. ئەمەش وەک شیرفەهمەکە مانای تێگەیاندنی ورد دەگەیەنێت.
جا لێرەدا بە پێویستی دەزانم لە چەند خاڵێکی دیکەدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی جانفیدایانی ڕەهبەر هەموو لایەک شیرفەهم بکەم و بۆ خوشک و برایانی کوردیش لە بنی کوولەکە بدەم.
خاڵی یەکەم: ئەوانەی بە شێوەی سەرەکی لە کۆبوونەوەی جانفیدایانی ڕەهبەردا بەشدارن، خەریکی خەڵکی نێوخۆ و دۆستانی دراوسێ و دوژمنانی ئەز خودا بێخەبەرن و دەیانهەوێت تێیان بگەیەنن جانفیدایانی ڕەهبەر بە دڵ و بە جان بەشدارن. بەڵام دەشزانن دوای کوژرانی ڕەهبەری گەورە کەسیش بە ناوی ڕەهبەر دوای ئەو لە گۆڕێدا نەماوە و ڕەنگە لەبەر پارچەبوونی هەر گۆڕیشی نەبێت.
خاڵی دووەم: ئەوانەی بە شێوەی بنەکی بیر لە بەشداربوون لە کۆبوونەوەی جانفیدایانی ڕەهبەر دەکەنەوە، ئەو ژن و پیاوانە یان ئەو قەیرەکچ و پیرەکوڕانەن، دەیانهەوێت لە شەڕی بەکرێگرتنی هۆڵی زەماوەند و بەخشینەوەی خۆراک و میوە ئەویش لەم گرانییەدا خۆ بپارێزن، دەڕۆنە کۆڕی جانفیدایانی ڕەهبەر و هەر لەوێ مەلایەکی بەلاش دەدۆزنەوە سیغەی بەهاوسەربوونیان لێ دەخوێنێت، دواتر کەڵاشینکۆفێکی بێ فیشەک بەدەستەوە دەگرن و لەسەر ئۆتۆمبێلێکی جیپی سەرئاوەڵا لەمبەر و ئەوبەری کۆنە تۆپێکی ١٠٦ بەرانبەر یەک دادەنیشن و دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمی جانفیدایانی ڕەهبەر بەرەو ماڵ دەبنەوە و لە هەر پەسیوێکی دەستیان بکەوێت بە حەڵاڵی لە باوەشی یەکتردا تێیدا مات دەبن و لە وەها کات و ساتێکی هەستیاردا ئەو ڕەهبەرەی ئەوان جانیان بۆ فیدا کردووە، هەرچۆنێک بێت شوێنی خۆی دەدۆزێتەوە. بۆ سبەی شەویش نۆبەی کەسانی دیکەیە لەسەر پشتی جیپی سەربازی ببن بە جانفیدای ڕەهبەری خۆیان و بۆ شەوەکەی دیکە ئەوا سەرە بەردەوامە و ئێمە تەنیا دەتوانین بڵێین سەد ئیزدیواجی سپیوسۆڵی بەقوربان بێت و لە هەموو لایەک پیرۆز بێت.