کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستیی پاسداران ١٣٠ قوتابیی سەردەشت، سەرپێڵی زەهاو و مەهابادی ناردە ناوچەکانی شەڕ

09:07 - 27 خەزەڵوەر 2726

لە درێژەی سیاسەتی پەروەردەی ئیدیۆلۆژیک و بەسەربازیکردنی قوتابخانەکان لە کوردستان، سپای تێرۆریستیی پاسداران بە هاوکاریی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، ١٣٠ قوتابیی شارەکانی سەردەشت، سەرپێڵی زەهاو و مەهابادی ڕەوانەی ئۆردووەکانی ناسراو بە "ڕاهیانی نوور" لە ناوچەکانی شەڕ لە باشووری ئێران کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، لەم شەپۆلە نوێیەدا ٥٠ قوتابی لە شاری سەردەشت، ٤٥ قوتابیی کچ لە سەرپێڵی زەهاو و ٣٥ قوتابیی کچ لە شاری مەهابادەوە بۆ ناوچەکانی شەڕی پێشووی ئێران و عێراق لە پارێزگای خووزستان نێردراون.

عەلی ڕیکابدار، جێگری هاواهەنگکاری سپای سەردەشت ڕایگەیاندووە کە ئەم گەشتانە پێنج ڕۆژ دەخایەنن و تا کۆتایی ئەمساڵ دوو گرووپی دیکەی قوتابییانی ئەو شارەش ڕەوانەی ناوچەکانی شەڕ دەکرێن.

هاوکات لەگەڵ شارەکانی کوردستان، زیاتر لە هەزار و ٧٥٠ قوتابیی دیکەش لە پارێزگاکانی سێمنان، گەچساران و گالیکەشەوە بۆ هەمان ئۆردووەکان نێردراون.

ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافی منداڵانە کە تێوەگلانی کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لە هەر جۆرە چالاکی و ڕاهێنانێکی سەربازی قەدەغە دەکات.

ناوەندەکانی مافی مرۆڤ جەخت دەکەنەوە کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی گوشارخستنە سەر بەڕێوەبەری قوتابخانەکان و پێدانی نومرە و ئیمتیازی خوێندن، هەزاران قوتابیی لە کوردستان و ئێران بە شێوەی زۆرەملێ ناردووەتە ئەو ناوچانە تا بیری شەڕخوازییان تێدا بچێنێت؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە نەبوونی ستانداردی سەلامەتی و ڕووداوە هاتوچۆییەکان لەم گەشتانەدا، چەندین جار بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان قوتابی و مامۆستا.