
کەنێرە مێهفەر
سزای لەسێدارەدان یەک لە توندترین سزاکانە کە بە قەتڵی حکوومەتی ناوزەد دەکرێ و، چونکە بە بڕیارێکی قەزایی فەرمی و لە لایەن دەسەڵاتی قەزایی و جێبەجێکارانی سزاییەوە لەسەر تاوانبار ئەنجام دەدرێ، لایەنگرانی بەردەوامیی سزای لەسێدارەدان پێیان وایە ئەم سزایە دەبێتە هۆکاری ئەمنییەت و ئاسایشی وڵات. لە ڕابردوودا ئەم سزایە بەتایبەت بۆ تاوانە زۆر قورسەکان بەکار دەهات، وەک کوشتاری بەکۆمەڵ، تاوانە گەورەکانی دژ بە کۆمەڵگا، یا قەتڵێکی فەجیع کە لێکەوتەی خراپی لەسەر کۆمەڵگا دانابێ... هەر بەم هۆیەشەوە، بکەرانی ئەم تاوانانە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپا، تا ببێتە هۆکاری جێگیربوونی ئارامی و ئاسایش و چاوترسێنکردنی خەڵک بۆ ئەنجامدانی تاوانی لەم چەشنە. ماددەی ٣ لە جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و ماددەی ٦ لە میساقی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، مافی ژیان بۆ هەر تاکێک بە فەرمی دەناسن و جەخت دەکەنەوە کە هیچ کەس یا لایەنێک نابێ سەرەڕۆیانە مافی ژیان لە کەسێک بستێنێتەوە.
ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە ساڵی ١٩٧٧ گەڵاڵەیەکی بۆ لابردن و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان خستە بەرنامەی کاری خۆی کە ئەوکات تەنیا ١٦ وڵات پێی پەیوەست بوون؛ ئەوان پێیان وابوو ئەم سزایە بە مانای پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و بەتایبەتی لێئەستاندنەوەی مافی ژیانە و سزایەکی زاڵمانە و دژەمرۆییە. دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ، وڵاتانی زیاتر پەیوەست بەم گەڵاڵەیە بوون و، لە ئاکامدا ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٠٣ لە لایەن «هاوپەیمانیی جیهانیی دژی سزای لەسێدارەدان»ـەوە (بە پشتیوانیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ) بە ڕۆژی جیهانیی خەبات دژی سزای لەسێدارەدان ناودێر کرا؛ لایەنگرانی لابردنی ئەم سزایە پێیان وابوو لابردنی ئەم سزایە کەرامەتی مرۆیی جێگیر دەکات و هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزایە دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونی مافەکانی مرۆڤ. بەم جۆرە، وردە وردە بەشێکی زۆری وڵاتان سزای لەسێدارەدانیان لە یاسای سزادانی وڵاتەکەیان هەڵوەشاندەوە و لابرد.
ڕۆژانە شاهیدین کە وڵاتان ئاراستەی یاسای سزادان و چۆنیەتیی جێبەجێکردنیان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ دەگۆڕن و بەرەوپێشی دەبەن؛ کەچی لە وڵاتی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، نەک ئەو سزایە بە ڕێڕەوی یاسایی خۆیدا تێپەڕ نابێ، بەڵکوو زۆر سەرەڕۆیانە، نادادپەروەرانە، ناڕوون و بەلێشاوە و، سزای لەسێدارەدان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە شێوەی سیستماتیک وەک ڕێکارێکی سەرکوتی سیاسی لە دەستی حکوومەتدایە، تا لەو ڕێگایەوە ئیرادەی ئازادیخوازیی خەڵک تێک بشکێنێ و خەڵکی چاوترسێن بکات. ڕۆژانە گوێبیستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی چەندین ڕۆڵەی نیشتمان دەبین، بێ ئەوەی بەڵگەیەکی سەلمێنەر هەبێ کە جینایەتێکیان کردبێ تا حوکمی ئیعدام بدرێن و لەسێدارە بدرێن. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا، دەردەکەوێ کە ئێران لە ڕووی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەوە لە ئاستی جیهانیدا بە پلەی دووەم یا سێیەم دێ و لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش بە پلەی یەکەم دێت؛ دەبێ بزانین هۆکاری هەڵکشانی ئەم ڕێژەی ئیعدامانە بۆچی دەگەڕێتەوە.
هەروەک دەزانین کۆماری ئیسلامی هەرکات هەستی کرد کە حکوومەت و دەسەڵاتە ناڕەواکەی دەکەوێتە مەترسی و پایەکانی لەرزۆک دەبن و تووشی قەیران یا ناڕەزایەتی دەبێتەوە، بۆ نیشاندانی دیکتاتۆرییەت و هێزی خۆی دەست لە هیچ توندوتیژی و ترس و هەڕەشە و تۆقاندنێک ناپارێزێ، جا بە ڕەشبگیری، گرتن، ئەشکەنجە یا ئیعدامی بەلێشاو بێ، بەتایبەت گرتنی کەسانێک کە بۆنی سیاسی و کوردبوونیان لێ بێ، یان ئەو کەسانەی کە پێچەوانەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بیر بکەنەوە. لەم چوارچێوەیەدا، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای بەئەمنییەتیکردنی ژینگەی کۆمەڵگا دەست دەدەنە ڕەشبگیری و ئەشکەنجەی خەڵک؛ لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە داننانی زۆرەملێ دەکرێن و، لە دادگایەکی تەشریفاتیی چەند خولەکیدا حوکمێکی نادادپەروەرانەیان بەسەردا دەسەپێ و، لەو کاتانەدا شەپۆلی لەسێدارەدانەکان ڕوو لە هەڵکشان دەبێ.
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی دەسەڵاتداریی پڕ لە جینایەتی کۆماری ئیسلامی بدەینەوە، دەبینین کە لە سێ قۆناغدا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی: شەپۆلی یەکەم، دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، بە مەبەستی پاکتاوکردنی دامودەزگاکانی حکوومەت لە مۆرەکانی ڕێژیمی پاشایەتی، دەستیان دایە گرتن و ئیعدامکردنیان؛ شەپۆلی دووەم، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ٦٠ تا ٦٧ی هەتاوی کە تێیدا ژمارەیەکی زۆری خەڵکی بێتاوانی ئێران و کوردستان لەسێدارە دران؛ شەپۆلی سێهەم دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» بوو کە بەشێکی زۆری خەڵکی ناڕازی و خۆپێشاندەر هاتنە سەر شەقام و خوازیاری ڕووخانی ئەم ڕێژیمە دیکتاتۆرە بوون و، دواتر گیران و حوکمی قورس و ناڕەوای ئیعدامیان بەسەردا سەپا.
چونکە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە جیابیران دەترسێ و نایهەوێ کەس دژی دەسەڵات و حکوومەتەکەی خۆپێشاندان بکات و دژی سیاسەتە دژەمرۆڤانە و یاسا پڕ لە هەڵاواردنەکانی ناڕەزایەتی دەرببڕێ، هەر کات هەستی بە مەترسی کرد، ڕێژەی ئیعدامەکان دەباتە سەر و، ئێستاش ئەو ڕێژە زۆرەی لەسێدارەدان کە ڕۆژانە دەیبینین، وەک ئامرازێکی تۆڵەسەندنەوە لە خۆپێشاندەران بەکاری دێنێ؛ چونکە لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئەمنییەت و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ نێو کۆمەڵگا و دابینکردنی دادگەریی کۆمەڵایەتی و، پێش بە تۆڵەسەندنەوە دەگرێ؛ بێئاگا لەوەی کە بردنەسەری ڕێژەی ئیعدامەکان، خۆی پێشێلکردنی سەرەکیی یاسا و سەرهەڵدانی توندوتیژی و پەروەردەکردنی جەللاد و قاتڵە لەنێو دەزگای قەزاییدا کە جینایەتی دژی مرۆڤایەتی دژ بە زیندانیان و بەتایبەت زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی ئەنجام دەدەن، کە ئەمەش نیشاندەری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و نەبوونی یاسایەکی دادگەر و سەربەخۆنەبوونی دەسەڵاتی قەزایی لە بڕیاردانە؛ دەسەڵاتی قەزایی لە ژێر هەژموونی بەیتی ڕەهبەری و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیدا بە غەریزەی سیاسی و دوژمنکارانە و بە تۆمەتی بەشداری لە حیزبە کوردییەکان، تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و شەڕکردن لەگەڵ خودا... حوکمی ناڕەوای ئیعدامیان بەسەردا دەسەپێنێ.
ئەگەر سەیری ئامارەکان بکەین، دەبینین زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانەکان تایبەتە بە زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی لە نەتەوەی کورد و بەلووچ، چونکە نەتەوەی کورد هەموو کات خوازیاری مافی نەتەوەیی و ئازادی و مافی چارەی خۆنووسینی خۆی بووە و، لە بەرامبەردا کۆماری ئیسلامی هەموو کات بە ڕەهەندێکی ئەمنییەتی سەیری کورد و کوردستان و زیندانیی سیاسیی کورد دەکات و، بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندی و دەسەڵاتی ناڕەوای خۆی دەیبینێ و، بە توندترین شێوە سەرکوتی دەنگی ئازادیخوازییان دەکات. جگە لە هۆکاری سیاسی و چاوترسێنکردنی خەڵک، زۆر جار کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی ترس بخاتە نێو زیندانیانی تر کە دەستیان داوەتە مانگرتن و ناڕەزایەتی، یا کاتێک دەیهەوێ زوومی بیروڕای گشتی و خەڵکی کۆمەڵگای ئێران لەسەر کێشە و قەیرانەکان لابدات، ڕێژەی لەسێدارەدانەکان دەباتە سەر. لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا ڕێژەی ئیعدامەکان ئەوەندە بەرز بوو کە وای لێ هات زیندانییانی مەحکووم بە ئیعدام لە زۆربەی زیندانەکان و لە زۆربەی پارێزگا و شارەکانی ئێران دەست بدەنە مانگرتن و ناڕەزایەتی و، هەر لەم ڕاستایەدا بوو کە کەمپەینی «سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان» هاتە ئاراوە و، زیاتر لە ٣٠ بەندینخانە پەیوەست بەم کەمپەینە بوون.
ئەم کەمپەینەش لە درێژەی ئەو خەباتە مەدەنییەدا کە پێشتر لە کاتی بزووتنەوەی ژیناشدا ببووە هۆی پشتیوانیی بەرفراوانی کۆمەڵگای جیهانی و سەرهەڵدانی هەڵمەتێکی گرینگی مافی مرۆیی و دیپلۆماسی بە ناوی «کەفالەتی سیاسی»، توانی زیاتر سیمای ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی بە دونیا بناسێنێ کە تا چ ڕادەیەک دیکتاتۆر و خاوەن سیاسەتی دژەمرۆڤانەیە. هەڵمەتی کەفالەتی سیاسی کەم تا کورت توانی پێش بە سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئیعدامی خۆپێشاندەران بگرێ و، فشار بخاتە سەر دەسەڵاتی قەزایی ئێران بۆ پێداچوونەوە بەو حوکمە ناڕەوایانەی داویانە. لەوانە دەتوانین ئاماژە بە ڕاگرتنی حوکمی لەسێدارەدانی هێندێ بەندکراو و گۆڕینی سزای ئیعدامی هێندێ بەندکراویش بۆ حوکمێکی سووکتر بکەین. بۆ نموونە، مۆژگان کاووسی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا گیرا و تۆمەتی «ئێفساد فی ئەرز»ـی (کە سزای ئیعدامی لەسەرە) درایە پاڵ، بەڵام دوای ئەوەی لە لایەن چەند کەسایەتییەکی سیاسیی جیهانییەوە کەفالەتی سیاسی کرا، لەو تۆمەتە بێتاوان دەرچوو و بە حەبس حوکم درا. ئەم کەمپەینە تا ئێستاش لە مانگرتن و دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانی خۆی بەردەوامە.
ئەو ڕێژە بەرزەی لەسێدارەدان کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە، پێچەوانەی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێسا گشتییەکانە و، لە ڕێڕەوی یاسایی خۆی لایداوە. لە ڕوانگەی یاساییشەوە، بەپێی ماددەکانی ٢ و ٦ و ١٤ لە میساقی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و ماددەی ٣٧ (بڕگەی ئەلف) لە کۆنوانسیۆنی پاراستنی مافەکانی منداڵان، هێندێ بەربەست هەن کە نابێ لەو کاتانەدا سزای لەسێدارەدان لەسەر بەندکراوی مەحکووم بە ئیعدام جێبەجێ بکرێت یا نابێ ئەو کەسانە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا بسەپێ:
١. بەکارهێنانی سزای ئیعدام بۆ ئەو کردەوانەی کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بە تاوان دانانرێن؛ بەتایبەت بەتاوانناساندنی مافە بنەڕەتییەکانی وەک خۆپێشاندانی ئاشتییانە (وەک ئەو خۆپێشاندەرە ناڕازییانەی کە دەگیرێن و حوکمی ئیعدام دەدرێن).
٢. جێبەجێکردنی حوکمی ئیعدام لەسەر کەسانێک، بێ ئەوەی مافیان هەبێ داوای لێبووردن یا سووککردنی سزاکەیان بکەن.
٣. لەسێدارەدانی کەسانی خوار ١٨ ساڵ، کە بەداخەوە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بە دەیان کەسی خوار ١٨ ساڵ لەسێدارە دراون؛ ئەمەش پێچەوانەی بەندەکانی کۆنوانسیۆنی پاراستنی مافەکانی منداڵانە کە ئێران تێیدا ئەندامە و، لە لایەکی تریشەوە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ئەو کەسانەی کە نەوجەوان و هەرزەکارن و تووشی تاوانێک دەبن و حوکم دەدرێن، دەبێ لە بنکەی نەوجەوانان لە ژێر چاودێریدا بن و ڕاهێنانیان پێ بکرێ تا لە تاوان بشۆردرێنەوە و نابێ حوکمی ئیعدام بدرێن؛ چونکە لە کاتی ڕوودانی تاوانەکەدا، بەرپرسیارێتی و لێهاتوویی یاساییان نییە.
٤. سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای ئیعدام لەسەر ژنانی دووگیان یا ژنێک کە تازە بووبێتە دایک (لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا شاهیدی لەسێدارەدانی ژنی دووگیان و ژنانێک بووین کە منداڵی خوار ٢ ساڵیان هەبووە؛ چونکە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ژنی دووگیان نابێ لەسێدارە بدرێ و، تەنانەت بەپێی یاسای نێوخۆیی ئێران خۆیشی ژنێک کە تازە منداڵی بووبێ یا منداڵی شیرەخۆرەی هەبێ، تا تەمەنی منداڵەکە دەبێتە ٢ ساڵ، دەبێ جێبەجێکردنی سزاکە ڕابگرن).
٥. نابێ سزای لەسێدارەدان بدرێت بەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشییەکی دەروونی هاتوون یا نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە و لە ژێر چاودێریدان، یا بەرپرسیارێتیی تاوانکارییان نییە؛ کەچی لەو بڕگەیەشدا بێ گوێدان بە پرەنسیپەکان و ڕێکارە یاساییەکان، کەسانی نەخۆش و لێنەهاتوویان لەسێدارە داوە.
٦. نابێ سزای ئیعدام لەسەر کەسێک جێبەجێ بکرێ، بێ ئەوەی مافی هەبووبێ پێشتر تانە لە حوکمەکەی بدات. کەچی بەداخەوە ئەوەی ئێمە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر مەحکوومان بە ئیعدام دیتمان (بەتایبەت بەندکراوانی سیاسی و عەقیدەتی کە بە تۆمەتی سیاسی لەسێدارە دەدرێن)، ئەوە بوو کە هەرچەندە بەپێی پێوەرە یاساییەکان دەبوو وەک هەر تۆمەتبارێک لە مافە بنەڕەتییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بەهرەمەند بن، بەڵام نەک ئەوەی مافی بەرگریکردن لە خۆیان نەبوو، بەڵکوو هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی و ڕێکاری یاساییان بەرامبەر نەگیراوەتە بەر؛ نە لەوەی کە بەپێی حوکمێکی قەزایی لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری بگیرێن، نە بە شێوەیەکی یاسایی لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە، نە مافی وەرگرتنی چاوپێکەوتن و گرتنی پارێزەریان هەبووە، نە بە شێوەی ئاشکرا دادگایی کراون، بەڵکوو زۆر بە ناڕەوا گیراون و لە ژێر ئەشکەنجەی زۆردا، ملیان بە داننانێکی زۆرەملێ ناوە و، لە دادگایەکی داخراو و چەند خولەکی و سەحراییدا حوکمی بەلێشاوی ئیعدامیان بەسەردا سەپاوە.
بەداخەوە ئەو حوکمە ئیعدامانەی ئەو چەند ساڵە بەلێشاو بە بەندکراوان دراون، حوکمی ناڕەوان و پڕن لە کەموكوڕی و ناتەبایی و ئەحکامێکی فەراقەزایین و، جگە لەوەی بەشێکی دیکەی بەندکراوان لە چاوەڕوانیی جێبەجێکردنی حوکمی ئیعدامن، بەشێکی تریشیان لە ژێر تیغی لەسێدارەدانی نایاسایی (سەرەڕۆیانە) یا ئیعدامی غەیری قەزاییدان. لەسێدارەدانی نایاسایی و سەرەڕۆیانە کاتێکە کە کەسێک بەبێ قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە، بێ مافی بەرگریکردن و تانەلێدان و، تەنانەت پێش ئەوەی حوکمەکەی پلەی کۆتایی وەربگرێ، لەسێدارە دەدرێ (وەک ئەو خۆپێشاندەرانەی کە بەم شێوەیە لەسێدارە دران). بەڵام ئیعدامی غەیری قەزایی بەو کوشتنە ئەنقەست و نەخشەبۆداڕێژراوە دەگوترێ کە بەبێ بڕیاری دادگا مافی ژیان لە کەسێک دەسێندرێ لە لایەن هێزەکانی حکوومەت یا کاربەدەستانی زیندانەوە؛ نموونەیەکی دیار ئەوەیە دەبینین کە بەشێکی زۆری بەندکراوانی سیاسی تووشی نەخۆشیی درێژخایەن هاتوون یا پێویستیان بە چارەسەرە، چەندین جار داوایان کردووە چارەسەری پزیشکییان بۆ بکرێ، بەڵام پشتگوێ دەخرێن و کەمتەرخەمییان بەرامبەر دەکرێ بە ئەنقەست، تا ئەو بەندکراوە وای لێ دێ کە تووشی لەدەستدانی ئەندامانی جەستەی بێ، یا دەمرێ، یا هێندە بێزار دەبێ لە بارودۆخی خۆی کە هەوڵی خۆکوشتن دەدات. ئەم جۆرە کردەوەیە لە ڕوانگەی یاساییەوە دەچێتە چوارچێوەی ئیعدامی غەیری قەزاییەوە.
ئەسڵی ٢٢ لە قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران باس لە «صیانت و مصونیت»ـی هاووڵاتیان دەکات کە ئەرکی دەوڵەت و دەسەڵاتی قەزاییە کە گیان و ماڵی هاووڵاتیان بپارێزن، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دەیبینین، نەک ئەوەی پارێزگاری لە خەڵکی خۆی ناکات، بەڵکوو بەهۆی سەربەخۆنەبوونی دەسەڵاتی قەزایی و دادوەرییەوە کە ئەرکی دەبێ دابینکردنی دادپەروەری و یەکسانی بێ، زۆر بە ئاشکرا و لە ڕاگەیاندنە گشتییەکانیاندا سەرۆکی قووەی قەزایی بە توندترین شێوە هەڕەشە لە خەڵکی ناڕازی و خۆپێشاندەران و بەندکراوان دەکات و، دەڵێت وەڵامی هەر ناڕەزایەتییەک بە خوێنڕێژی دەدرێتەوە، کە ئەمەش ئاکامەکەیەتی کە دەیبینین و، ئەمەش پێچەوانەی خودی ئەو ئەسڵە و ڕێکارەکانییەتی. بەم پێیە، دەگەینە ئەو ئاکامەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا مانەوەی خۆی بۆ گرینگە بە هەر نرخێک کە بێ و، هەرگیز باوەڕی بە مافەکانی مرۆڤ و بنەماکانی یەکسانی و دادپەروەری نەبووە و، ئەگەر لە کۆنوانسیۆن یا ڕێککەوتننامە یا پرۆتۆکۆلێکی نێودەوڵەتیشدا بەشدارە، تەنیا بۆ چەواشەکاری و بەلاڕێدابردنی بیروڕای جیهانییە.