کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" لە بەیاننامەی حەفتەی ١٤٧ـەمینی خۆیدا کە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ بڵاو کراوەتەوە، ڕایگەیاند کە بە پەیوەستبوونی بەندکراوانی بەندیخانەی "نوورئابادی مەمەسەنی" لە پارێزگای فارس، ژمارەی ئەو بەندیخانانەی لەم کەمپەینەدا مانیان لە خواردن گرتووە، گەیشتووەتە ٦٧ بەندیخانە لە سەرانسەری کوردستان و ئێران.
لەم بەیاننامەیەدا، بەندکراوانی مانگرتوو وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی قوربانییانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨، ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە ٦٠٧ بەندکراو، کە ٢١ کەسیان ژن بوون، لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە دراون.
کەمپەینەکە هۆشداریی توندیشی لە مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی "پەیمان فەرەحئاوەر" لە بەندیخانەی لاکانی ڕەشت و دەرکردنی سزای مەرگ بۆ دوو بەندکراوی سیاسیی دیکە بە ناوەکانی "محەممەدمەهدی پارسا" لە ئەهواز و "ئومید جانەمی" لە ئێسفەهان داوە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، تیشک خراوەتە سەر کوژرانی "پەیمان ساڵحی"، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان و بەرنامەسازی دانیشتووی تاران، کە ڕۆژی ١٨ی خەزەڵوەر لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی تارانەوە دەسبەسەر کرا و دوو ڕۆژ دواتر تەرمەکەی بە شوێنەواری ئەشکەنجە و لێدانەوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.
بەندکراوانی مانگرتوو لە ٦٧ بەندیخانە داوایان لە سەرجەم چین و توێژەکان، ناوەندە پیشەییەکان و چالاکانی مەدەنی کردووە کە پشتیوانی لەم جووڵانەوە جەماوەرییە بکەن بۆ ڕاگرتنی شەپۆلی لەسێدارەدان و سەرکوتکارییەکان.
ئەم مانگرتنە مەزنە زۆربەی بەندیخانە گەورەکانی کوردستان و ئێرانی گرتووەتەوە، لەوانە بەندیخانەکانی: "قزڵحەسار، ئێڤین، دێزڵاوای کرماشان، ئیلام، دەڕەشار، ورمێ، سەڵماس، خۆی، نەغەدە، میاندواو، مەهاباد، بۆکان، سەقز، بانه، مەریوان، سنە و کامێران."