کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەقدوونییەی باکوور پیلانێکی تێرۆریستیی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی پووچەڵ کردەوە

08:18 - 27 خەزەڵوەر 2726

دەزگای ئەمنییەتی نەتەوەیی مەقدوونییەی باکوور پووچەڵکردنەوەی تۆڕێکی تێرۆریستیی سەر بە ناوەندە هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ڕاگەیاند کە بە فەرمانی کەسێکی ئێرانی، سەرقاڵی ئامادەکاری بۆ تێرۆرکردنی کەسێک لەنێو خاکی یووناندا بوون.

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە، لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان دەزگای هەواڵگریی مەقدوونییە و یووناندا، تۆڕێک ئاشکرا بووە کە لەلایەن کەسێکی ئێرانی بە ناوی "ئیدریس جەهانگیری موانە"ـەوە سەرپەرستی کراوە.

ناوبراو پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە تۆڕەکەی "ناجی ئیبراهیم شەریفی زیندەشتی"، بەکرێگیراوی ناسراوی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە هەیە.

دەزگای ئەمنییەتی مەقدوونییە جەختی کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی بۆ شاردنەوەی تێوەگلانی خۆی لە کردەوە تێرۆریستییەکاندا، گرووپە تاوانکارەکانی وڵاتانی دیکە بەکار دەهێنێت.

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژنامەی یوونانیی "تۆ ڤیما" بڵاوی کردەوە کە پێنج هاووڵاتیی مەقدوونییەی باکوور بە تۆمەتی ڕۆڵ گێڕان لەم پیلانەدا دەسبەسەر کراون؛ چوار کەسیان لە مەقدوونییە و کەسی پێنجەمیش لە یوونان دەسبەسەر کراوە و ڕادەست کراوەتەوە.

دەسبەسەرکراوەکان دانیان بەوەدا ناوە کە بە فەرمانی ئیدریس جیهانگیری کاریان کردووە.

هاوکات بەرپرسانی ئەمنییەتی ڕایانگەیاندووە کە لەم دۆسییەیەدا شەش کەس ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی بوونەتەوە کە چواریان لە بەندیخانەن، یەکێکیان لەژێر چاوەدێریی ماڵەوەدایە و کەسێکیشیان هەڵاتووە.

تۆڕی ناجی شەریفی زیندەشتی پێشتر لە ڕێبەندانی ١٤٠٢دا لەلایەن ئەمریکا و بریتانیاوە بە تۆمەتی ڕفاندن و تێرۆرکردنی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی، لەوانە ڕفاندنی "حەبیب ئەسیوەد" و تێرۆرکردنی "مەسعوود وەردەنجانی"، سزای بەسەردا سەپێنرابوو.

دەزگای ئەمنییەتیی مەقدوونییەی باکوور ڕایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دۆزینەوەی پاشماوەکانی دیکەی ئەم تۆڕە بەردەوام دەبێت.