کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وای نێت: ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ هێرشێکی نوێ دژی ئێران دەکات، بەڵام پەلەی نییە

09:12 - 27 خەزەڵوەر 2726

ماڵپەڕی ئیسرائیلیی "وای نێت" ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر بڵاوی کردەوە کە ئەرتەشی ئیسرائیل ئاستی ئامادەباشییەکانی بۆ ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی دیکە بۆ سەر ئێران بەرز دەکاتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئەمنییەتیی ئەو وڵاتە پێیان وایە سەرەڕای هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بونیادنانەوەی توانا سەربازییەکانی، ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ لە داهاتوویەکی نزیکدا پێویستییەکی بەپەلە نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ماڵپەڕە، بەرپرسانی ئیسرائیل پێیان باشترە هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێ دژی ئێران بە هاوبەشی و بەشداریی ئەمریکا ئەنجام بدرێت و ئەگەری هەنگاوی تاکلایەنەی ئیسرائیل لەم قۆناغەدا بە کەم هەڵدەسەنگێندرێت.

سەرچاوە ئەمنییەتییەکانی ئیسرائیل جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێش دەستپێکردنی هەر ئۆپەراسیۆنێکی نوێ، پێویستە ئامانجە سەربازییەکان، کاتی گونجاوی هێرشەکە و ئاستی بەشداریکردنی ئەمریکا بەوردی دیاری بکرێن.

وای نێت لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دەزگای هەواڵگریی سەربازی و هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێشتا لە ئامادەباشیی تەواودان و خۆیان بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان ئامادە دەکەن.