جێگری یەکەمی ئەنجومەنی باڵای ڕێکخراوی پەرستاریی ئێران ڕایگەیاند کە تێکڕای دواکەوتنی مووچەی پەرستاران گەیشتووەتە نزیکەی شەش مانگ و لە هەندێک لە زانکۆکانی زانستی پزیشکیشدا ئەم دواکەوتنە ١٠ بۆ ١١ مانگی تێپەڕاندووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری هەواڵدەریی حکوومەتی "ئیسنا"، یووسف ڕەحیمی ئاشکرای کردووە کە ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی بە زانکۆکانی زانستی پزیشکی نەداوە و ڕێکخراوی بیمەی سەلامەتیش تەنیا نزیکەی لە ٤٠٪ی قەرزەکانی ئەو زانکۆیانەی پێداوە.
ئەم قەیرانە داراییە لەکاتێکدا درێژەی هەیە کە پێشتریش ڕێکخراوی پەرستاریی ئێران، نەبوونی سەرچاوەی دارایی جێگیر، قەرزداریی بیمەکان و ناهاوسەنگیی قووڵی بودجەی وەزارەتی تەندروستیی بە هۆکاری سەرەکیی کێشە بژێوییەکانی پەرستاران ناو بردبوو و هۆشداریی توندیشی لە کەمبوونەوەی هێزی مرۆیی و وازهێنانی پەرستاران لە کەرتی تەندروستی دابوو.
بەردەوامیی دواکەوتنی مووچەی پەرستاران، هاوکات لەگەڵ هەڵاوسانی بێوێنە و بەرزبوونەوەی تێچووەکانی ژیان لە ئێراندا، گوشارێکی ئابووریی سەختی خستووەتە سەر کارمەندانی کەرتی دەرمان و قەیرانی مانەوەی کادری پزیشکیی لە نەخۆشخانەکاندا قووڵتر کردووەتەوە.