کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئابووریی ڕێژیمی ئێران بەخێرایی بەرەو داڕمان دەڕوات

18:52 - 22 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی ترس لە گەمارۆوەکانی ئامریکا و کشانەوەی کۆمپانیا و بازرگانانی بیانی لە  ئێران، ڕۆژانە ئاماری فرۆشی نەوتی ئەو وڵاتە کەم دەکات و ئابووریی وڵاتیش هەر ڕۆژ بەرەو داڕمانی زیاتر دەڕوات.

ڕێکخراوی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی خاو (ئۆپێک)، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوە داوە، کە بە شێوەی نێونجی لە مانگی گەلاوێژەوە بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران ڕۆژانە ١٥٠ هەزار بەرمیل کەمی کردووە.

بەپێی ئامارەکانی ئەو ڕێکخراوەیە، نەوتی ڕێژیمی ئێران لەو کاتەوە کە ئامریکا لە بەرجام کشاوەتەوە، بەردەوام ڕووی لە دابەزینە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە بەرجام کشایەوە و لە نێوەڕاستی مانگی گەلاوێژدا خولی یەکەمی گەمارۆوەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، کە بە هۆی ڕێککەوتننامەی بەرجامەوە سڕ کرابوون، سەرلەنوێ وەگەڕ خرانەوە.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن، کە بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە مانگی ژوئین، ڕۆژانە نزیک بە ٢٩ هەزار بەرمیل و لە مانگی ژوئییە ٥٦ هەزار بۆشکە دابەزینی بە خۆوە بینیوە، کە بەو پێیە لە ٣ مانگی ڕابردووەوە لەسەر یەک بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتی خاو لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە ڕادەی ٢٣٥ هەزار بەرمیل کەمی کردووە.

ئامارە جیهانییەکان دەرخەری ئەوەن، کە هەناردەکردنی نەوت و گازی ڕێژیمی ئێران، لە مانگی ڕابردوودا نزیک بە نیو میلیۆن بەرمیل کەمی کردووە، کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو ڕێژەی ٢ میلیون و ٥٠ هەزار بەرمیل کەم بووەتەوە، بەو پێیە چاوەڕوان دەکرێت هەتا لەو مانگەشدا بڕی یەک و نیو میلیۆن بەرمیل کەم بکات.

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە مۆڵەتی دیاریکراوی ئامریکا بۆ گەمارۆ خستنەسەر کەرتی نەوتی ڕێژیمی ئێران و پێشگرتن لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ بازارە جیهانییەکان، بە مەبەستی پێشگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو و بشێوی لە بازاڕی نەوت، پێشبینی دەکرێت، کە بە مەبەستی قەرەبووکردنەوە و جێگرەوەی نەوتی ئێران، دوو وڵاتی عەرەبستان و عێراق ڕێژەی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەیان زیاتر بکەن.

عەرەبستانی سعوودی لەو بارەوە رایگەیاندووە، کە دەتوانێت ڕۆژانە یەک و نیو میلیۆن بەرمیل نەوتی زیاتر بەەرهەم بێنێت و وەزیری نەوتی عێراقیش باسی لەوە کردووە، کە وڵاتەکەی دەتوانێت بە ڕێژەیەکی پێویست بەرهەمهێنانی نەوتی ڕۆژانە زیاتر بکات.