کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی یەک پووتی نەوت لە سەقز گەیشتە یەک میلیۆن تمەن و نانیش پشکبەندی بۆ کرا

13:16 - 28 خەزەڵوەر 2726

لە ڕۆژانی ڕابردوودا شیرکەتی نەوتی شاری سەقز ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا داوای لە هاووڵاتییان کردووە کە نەوتی سپی بۆ وەرزی زستان دابین بکەن و بۆ هەر پووتی نەوت یەک میلیۆن تمەنی دیاری کردووە. هاوکات بە فرۆشگاکانیشی ڕاگەیەندراوە کە تانکەر بۆ گواستنەوەی نەوت ئامادە بکەن.

لەلایەکی ترەوە، قەیرانی کەمیی ئارد و پشکبەندیی نان هەموو شار و ناوچەکانی کوردستانی گرتووەتەوە و ژیانی خەڵکی ئەستەمتر کردووە.

نانەواخانەکانی سەقز ڕاگەیەندراوە کە پشکی نان کەم کراوەتەوە بۆ ڕۆژانە دوو نان و نیو بۆ یەک کەس دابەزیوە. سەرەڕای ئەم دۆخە دژوارە، هاووڵاتییان کێشەی تریان هەیە، چونکە کارتی بانکیی بانکەکانی ڕەفاهـ و سێپە‌هـ لەو ناوچەیەدا کار ناکەن و لە کاتی پارەداندا تووشی کێشە دەبن، ئەمەش ناڕەزایەتی و نیگەرانیی بەرفراوانی لە ناو خەڵکدا لێکەوتووەتەوە.

هەروەها لە ماوەی دوو مانگی ڕابردووەوە هەتا ئێستا، کەمکردنەوەی بەشە ئاردی نانەواخانەکانی شار و ئاواییەکانی بۆکان بووەتە جێگای نیگەرانی و ناڕەزایەتیی توندی هاووڵاتییان.

قەیرانی کەمبوونی ئارد و سیستەمە نادادپەوەرانەکانی دابەشکردن لە کوردستاندا پەرەی سەندووە و قورساییەکی گەورەی خستووەتە سەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک.