کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات و ڤیکتۆریا تەیلەر دۆخی ناوچە و پرسی کوردانی ڕۆژهەڵاتیان تاوتوێ کرد

13:02 - 28 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، هەژار برینجی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا، لەگەڵ ڤیکتۆریا تەیلەر، بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی عێراق و پڕۆژەی سووریە لە ئەنجومەنی ئەتڵانتیک، گفتوگۆی کرد. دۆخی ئێران و عێراق، سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکە و بارودۆخی کوردانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە بوون.
لە گفتوگۆکەدا، پەیوەندیی نێوان بەغدا، هەرێمی کوردستان و تاران و کاریگەریی نفووزی ئێران و هێزە چەکدارە هاوپەیمانەکانی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە تاوتوێ کرا. برینجی نیگەرانییەکانی سەبارەت بە هێرشەکان و گوشارەکانی سەر هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و خێزانەکانیان خستەڕوو.
نوێنەری حیزبی دێموکرات جەختی لە پێویستیی ڕێگەچارەیەکی سیاسی و بەرنامەیەکی ڕوون بۆ داهاتووی ئێران کردەوە. ئەو پێداگری لەوە کرد کە خەڵک و هێزە سیاسییە کاریگەرەکانی ئێران دەبێ ڕۆڵی سەرەکییان لە گۆڕان و دیاریکردنی داهاتووی وڵاتەکەدا هەبێت. هەروەها، پێشنیاری پشتیوانی لە گفتوگۆ و نزیککردنەوەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆ ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەیەکی هاوبەش خستەڕوو.
تەیلەر هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ ئاڵۆزییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و مەترسیی دووبارە پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکە خستەڕوو. ئەو گرنگیی پەیوەندی لەگەڵ هێز و کەسایەتییەکانی خاوەن پەیوەندیی ڕاستەقینە بە ناوخۆی ئێرانی خستەبەرچاو و پێی وابوو دەستپێشخەریی گفتوگۆی نێوان لایەنە ئێرانییەکان دەبێ لەلایەن خودی ئەوانەوە بەڕێوە ببرێت.
لە کۆتایی گفتوگۆکەدا، برینجی داوای فراوانکردنی پەیوەندی لەگەڵ پسپۆڕان و ناوەندە لێکۆڵینەوەکانی واشنگتۆن و بەشداری لە کۆڕ و گفتوگۆ پەیوەندیدارەکان کرد، بە ئامانجی ناساندنی زیاتری دۆخ و خواستەکانی کوردانی ڕۆژهەڵات بە بازنەکانی بڕیاردان و لێکۆڵینەوە لە ئەمریکا.