کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیویۆرک تایمز: نێتانیاهوو داوای هێرشێکی چوار تا حەوت ڕۆژەیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات

13:05 - 28 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسانی ئەمریکایی و ئیسرائیلییەوە بڵاوی کردەوە کە بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هەوڵ دەدات دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕازی بکات بۆ ئەوەی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی چوار تا حەوت ڕۆژەدا دژی کۆماری ئیسلامی بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە، ترامپ هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە و لە ناو دەوڵەتەکەی خۆیدا جیاوازیی ڕاوبۆچوون هەیە لەبارەی پێویستیی هێرشکردنەوە و متمانەپێکراوی ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی کە ئیسرائیل پێشکەشی کردووە.

ئەم ڕۆژنامەیە نووسیویەتی کە پلانی پێشنیارکراوی ئیسرائیل بریتییە لە هێرشی بەرفراوان بۆ سەر ژێرخانەکانی وزەی ئێران کە ڕەنگە ببێتە هۆی پچڕانی کارەبای پیشەسازی و ماڵان، بەڵام ترامپ هێشتا ڕەزامەندیی لەسەر ئەم بەشەی پلانه نەداوە.

هاوکات، بەرپرسانی ئیسرائیل سەبارەت بە سەرلەنوێ دروستکردنەوەی توانای مووشەکی و دڕۆنی و پێشکەوتنی بەرنامەی چەکی کۆمەڵکوژ و بایۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامی هۆشدارییان بە واشنگتۆن داوە.

نیویۆرک تایمز ئەوەشی خستە ڕوو کە ترامپ فەرمانی بە جی دی ڤانس، جێگرەکەی، داوە کە هەوڵەکان بۆ گەیشتن لەڕێگەی ڕێککەوتن لەگەڵ تاران بە لاوە بنێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامەیە، سەرۆککۆماری ئەمریکا خوازیاری گوشاری ئابووریی درێژخایەن هەیە بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی ناچار بکات دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ببێت.