کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئابووریی ئێران سەرچاوە ماڵییەکانی تێرۆریزم دابین دەکات

11:36 - 25 خاکەلێوه 2720

"لێن خۆدۆرکۆڤسکی" ڕاوێژکاری میدیایی وەزارەتی دەرەوی ئامریکا وتوویەتی؛ ئابووریی ئێران "مەلا پووڵ"یە و لەلایەن عەلی خامنەیی و دەستوپێوەندییەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێت.

ناوبراو وتوویەتی لەکاتێکدا ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە تێرۆریزم دەکات داوای وامی ٥ میلیارد دۆلاری لە سندووقی نێونەتەوەیی پارە دەکات و دێموکراتەکانی کۆنگرەش دەیانهەوێ ئەو پارەیه بە ڕێژیمی ئێران بدەن.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی کۆنتڕۆڵی کۆرۆنا دەیهەوێ وامی ٥ میلیارد دۆلاری وەربگرێت.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران باسیان لەوە کردووە، دەوڵەت بە وەرگرتنی وامی ٥ میلیارد دۆلاری دەیهەوێت کەمیی بودجەی خۆی قەرەبوو بکاتەوە، چونکە وڵاتانی بیانی هاوکاریی خۆیان بۆ قەیرانی کۆرۆنا لە ئێران دەربڕیوە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کەمتەرخەمی و نابەرپرسیارەتیی خۆی بەنیسبەت قەیرانی نەخۆشیی کۆرۆناوە دەخاتە ئەستۆی ئامریکا و ڕێکخراوە جیهانییەکان.

 ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئێراندا ڕایگەیاند، ڕێژیمی ئێران دەیهەوێ بەهرەبەرداریی سیاسی لە کۆرۆنا بکات.