دادگای فێدراڵیی برۆکلین لە شاری نیویۆرک، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، سزای ٢٧ ساڵ زیندانی بەسەر "ئاسف مێرچەنت"، هاووڵاتیی پاکستانی و بەکرێگیراوی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیدا سەپاند.
بەپێی بڕیاری دادگای فێدراڵیی برۆکلین، ئاسف مێرچەنت بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی و ڕێکخستنی پیلانی تێرۆر لە بەرانبەر وەرگرتنی پارە و بە فەرمانی سپای تێرۆریستیی پاسداران" دادگایی کرابوو.
ناوبراو لە مانگی مارسی ئەمساڵدا و ماوەیەک دوای دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی، لە دۆسییەی تێرۆر و پیلانگێڕی بۆ کوشتن بە تاوانبار ناسێندرابوو.
لە ڕەوتی پرۆسەی دادگاییکردنەکەدا، ئاسف مێرچەنت دانی بەوەدا نا کە لەلایەن ئەندامێکی سپای پاسدارانەوە ئەرکدار کراوە و بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانی بەکار هێنراوە.
بەپێی بەڵگەکانی دۆسییەکە، ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم پیلانە تێرۆریستییە کە مێرچەنت لە پەیوەندی لەگەڵیاندا دەسبەسەر کرابوو، هەر یەک لە "دۆناڵد ترامپ"، سەرۆککۆماری ئێستای ئەمریکا، "جۆ بایدن"، سەرۆککۆماری پێشوو و هەروەها "نیکی هەیلی"، باڵیۆزی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەخۆ دەگرت.