هاوکات لەگەڵ هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە دوورگەی قێشم، هێزە سەربازییەکانی بەحرەین و کوەیت بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی چەندین هێرشی ئاسمانیی کۆماری ئیسلامییان ڕاگەیاند؛ پەرەسەندنێکی سەربازی کە لە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەرەوە دەستی پێکردووە و تا بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر بەردەوام بووە.
سپای پاسداران ڕۆژی سێشەممە بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە بە دڕۆن هێرشی کردووەتە سەر سیستمی ڕاداری هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی "شێخ عیسا" لە بەحرەین.
لە بەرانبەردا فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند کە سەرجەم دڕۆنە خۆکوژەکانی سپا لە ئاسماندا خراونەتە خوارەوە و هیچ زیانێک بەر هێز و کەرەستە سەربازییەکانیان نەکەوتووە.
چەند کاتژمێر دواتر، بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا بە هەواڵدەریی "ئاسۆشەیتێدپرێس"ی ڕاگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بە مووشەکی وردپێک، پێگەیەکی مووشەکهاوێژیی سپای پاسدارانیان لە دوورگەی قێشم وەک هەنگاوێکی بەرگریکارانە بۆ پاراستنی هێزەکانیان کردووەتە ئامانج.
هاوکات فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی بەرگریی بەحرەین ڕایگەیاند کە بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە چەندین هێرشی سەر بە کۆماری ئیسلامیی بەر لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان پووچەڵ کردووەتەوە و تارانی بە بەردەوامیدان بە "سیاسەتی دوژمنکارانەی سیستماتیک" تۆمەتبار کرد.
وەزارەتی دەرەوەی بەحرەینیش ئەو هێرشانەی بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی وڵاتەکەی ناو برد.
لەلایەکی دیکەوە، ستادی گشتیی ئەرتەشی کوەیت ڕایگەیاند کە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی چەندین هێرشی دڕۆنیی دوژمنکارانە بوونەتەوە و دەنگی تەقینەوەکان هی تێکشکاندنی ئەو دڕۆنانە بووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە بانگەشەی هێرشکردنە سەر بنکەی ئاسمانیی "عەلی ئەلسالم"ی لە کوەیت کرد، کە تا ئێستا لەلایەن هیچ سەرچاوەیەکی سەربەخۆوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
لە کاردانەوە بەم گرژییانە، ماجد ئەلئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، هۆشداریی دا کە بەردەوامیی ئەم پەرەسەندنانە هەڕەشەیەکی زۆر جیددییە بۆ سەر هەوڵەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە شەڕ و داوای دانبەخۆداگرتنی لە لایەنەکان کرد.