دوێنێ سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٦ (١٧ی نۆڤامبری ٢٠٢٦) خەڵکی تێکۆشەری ئاودانان، دژی سیستەم و کاربەدەستانی گەندەڵ و بۆ ڕەتکردنەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاتنە سەر شەقامەکان و بە دروشمەکانیان جارێکی دیکە دەسەڵات و شەرعییەتی ئەو ڕێژیمە داگیرکەرەیان ڕەت کردەوە.
ئەم خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییە دوای کارەساتی وەرگەڕانی پاسێک لە ئاودانان سەری هەڵدا، کە لەبەر خراپیی ڕێگاوبان و نەبوونی خزمەتگوزاریی فریاگوزاریی پێویست بوو بە هۆی گیانلەدەستدانی ١٣ ئەندازیار و کرێکاری پیشەسازیی نەوت و برینداربوونی ١٧ کەسی دیکە.
ئەم ڕووداوە کارەساتبارە جارێکی دیکە نەبوونی فریاگوزاری، ستانداردنەبوونی ڕێگاکانی هاتوچۆ و نابەرپرسیارێتیی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی کردەوە بە پرسێکی جێی سەرنج و شەپۆلێکی تووڕەیی و ناڕەزایەتی لە نێو خەڵکی ئاوداناندا ورووژاند. لەگەڵ ئەوەشدا، ناڕەزایەتییەکانی دوێنێی ئاودانان تەنیا لە داواکاریی لێپرسینەوە سەبارەت بەم کارەساتەدا قەتیس نەمایەوە و بە خێرایی دەنگ و ڕەنگی سیاسی و دژەحکوومەتی بە خۆوە گرت.
خەڵکی ئازا و چاونەترسی ئاودانان خاوەندارێتییان لە قوربانییانی ئەو کارەساتە کرد و دژی دەسەڵاتی تۆتالیتێر و داگیرکەری کۆماری ئیسلامی دەنگیان هەڵبڕی. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە تەنیا کاردانەوە بەرامبەر بەو ڕووداوە کارەساتبارە و نەبوونی خزمەتگوزاریی ڕێگاوبان نەبوو؛ بەڵکوو ئەڵقەیەکە لە زنجیرەی خەبات و ڕابوونی نەتەوەیی کوردستان و ڕیشەکانی بۆ کۆمەڵێک پرس و قەیرانی کەڵەکەبووی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئاسایشی دەگەڕێنەوە. هەروەها دیمەنێکی دیکە لە پێشەنگایەتیی کوردستان لە ڕەتکردنەوە و خەبات دژی دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی و نادادپەروەری پێشان دەدات.
خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی دوێنێی دانیشتووانی ئاودانان، وەک هەمیشە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە پەلامار و گرتن و لێدان و بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و پچڕاندنی هێڵەکانی ئینترنێت، هەوڵی سەرکوتکردن و دامرکاندنەوەیان درا. ئامرازگەلێک کە نە ڕێژیمی لە قەیرانەکان ڕزگار کردووە و نە خەڵکی کوردستانی بە چۆکدا هێناوە.
کوردستانییان بە پانتایی نیشتمان ئەو ڕاستییەیان ئەزموون کردووە کە تاران سەرچاوەی هەموو قەیرانەکان و تێکڕای ئەو هەڕەشانەیە کە لەسەر ژیان و ئاسایشیانن. هاوکات لەوەش تێگەیشتوون کە لە چوارچێوەی ئەم ڕێژیم و دەسەڵاتەدا، هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ چاکسازی و کۆتاییهاتن بە مەینەتەکان بەدی ناکرێت. هەر بۆیە دەنگ هەڵبڕین دژ بە ڕێگاوبانی سەقەت و دژ بە بەڕێوەبەرانی گەندەڵ، بە خێرایی بۆ بەئامانجگرتنی کۆی ڕێژیم هەڵکشا.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، وێڕای سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی کارەساتەکەی ئاودانان، پشتیوانیی خۆی لە هاتنە سەر شەقام و دەنگهەڵبڕینی خەڵکی تازیەباری ئاودانان دەردەبڕێت.
هاوپەیمانیی کوردستانی، داوا لە خەڵکی سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێت، پاڵپشتی و هاودەنگی بۆ دانیشتووانی ئاودانان دەرببڕن. داوا لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان و کۆڕ و کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ و میدیاکان دەکات، لە کاتێکدا تاران بە ڕاگرتنی هێڵی ئینتەرنێت، بە تەمای خنکاندنی هاواری ڕۆڵەکانی نیشتمانەکەمانە، چاو و سەرنجیان لەسەر ئاودانان و ڕووداوەکانی بێت.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٦