کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتانی کەنداو و ئۆردۆن هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوەیت و بەحرەینیان مەحکووم کرد

13:25 - 27 خەزەڵوەر 2726

دوای ئەوەی بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی بەحرەین و کوەیت چەندین هێرشی ئاسمانی و دڕۆنیی کۆماری ئیسلامییان پووچەڵ کردەوە، شەپۆلێکی فراوانی مەحکوومکردن و هۆشداریی ناوچەیی دژی سیاسەتە شەڕخوازەکانی تاران دەستی پێکرد.

فەرماندەیی گشتیی ئەرتەشی بەحرەین ڕایگەیاند کە بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی ژمارەیەک "هێرشی دوژمنکارانەی ئێران"ی تێکشکاندووە و تارانی بە بەردەوامیدان بە "سیاسەتی دوژمنکارانە و سیستماتیک" تۆمەتبار کرد.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی کوەیت هێرشە دڕۆنییەکانی ڕێژیمی ئێرانی بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی خاکەکەی و بڕیارنامەی ٢٨١٧ی شۆرای ئەمنییەت ناو برد و جەختی کردەوە کە بەپێی ماددەی ٥١ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی بەرگریکردن لە خۆی دەپارێزێت.

لە لایەکی دیکەوە، جاسم محەممەد ئەلبەدیوی، سکرتێری گشتیی شۆرای هاوکاریی کەنداو، داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد کۆتایی بە هێرشەکان و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی و هاندانی ناکۆکیی تایفەیی بهێنێت و هۆشداریی دا کە بەپێی پەیماننامەی بەرگریی هاوبەش، هێرشکردنە سەر هەر ئەندامێکی ئەو شۆرایە، بە هێرش بۆ سەر هەموو وڵاتانی ئەندام دادەنرێت.

هاوکات وەزارەتەکانی دەرەوەی قەتەر و ئۆردۆنیش لە ڕاگەیەندراوی جیادا، هێرشە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامییان بۆ سەر کوەیت و بەحرەین بەتوندی مەحکووم کرد و بە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر ئەمنییەت و سەقامگیریی ناوچەکە و تێکدانی هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان لە قەڵەم دا.