کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئابووری ئێران لە سێ وڵاتی دراوسێی خراپتره

12:45 - 10 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ئابووری ڕێژیمی ئێران لە سێ وڵاتی ئەفغانستان، سووریە و عێراق خراپتره و بەرەو داڕمانی یەکجاری دەڕوات.

دۆخی ئابووریی ئێران، بەپێی هەڵسەنگاندنی هەڵاوسان و نەخدینەیی لە وڵاتانی شەڕلێدراوی دراوسێی ئێران واتە ئەفغانستان، سووریە و عێراق خراپترە و ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە ئەو وڵاتە بەڕێوەبەرییەکی لێزانی نییە.

کارناسێکی ئابووری باسی لەوە کردووە، دۆخی هەڵاوسان، نرخی دراو، سەقامگیریی سیاسەتەکان، یاساوڕێسا ئابوورییەکانی دیکەی ئێران بە بەراورد لەگەڵ ئابووریی ئەفغانستان لە ئاستێکی زۆر نزمتردایە و ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ئێراندا بەپێی زانست کار ناکرێت و تەنیا قسە دەکرێت.

ئەو کارناسه ئابوورییە باسی لەوە کردووە، به هۆی ئەوەیکە دەوڵەت دەستێوەردان لە کاروباری ئابووریدا دەکات هیچ کات ئابووریی ئێران سەقامگیر نابێت و کێشەی ئابووری لە ئێراندا قووڵتر دەبێتەوە.

بەپێی لێدوانی ئەو کارناسە ئابوورییە، لە ئێراندا هەندێک کەس و لایەن لەبارەی ئابووریدا قسان دەکەن کە هیچ شارەزایی و زانستێکیان لە ئابووری نییە و ئەوەش خۆی کێشەیەکی گەورەیە بۆ ئابووریی وڵات.

قسەی ئەو کارناسە ئابوورییە بە نیسبەت دەستێوەردانی دەوڵەت لە کاروباری ئابووریدا لە کاتێکدایە کە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا فەرمانی بە بەرپرسانی ڕێژیم داوە، کە ژوورێک بە ناوی "ژووری شەڕی ئابووری" دابمەزرێنن.

خامنەیی ئامانج لە دامەزراندنی ئەم ژوورەی، پێکهێنانی شۆرای هاوئاهەنگیی ئابووری ڕاگەیاندووە و باسی لەوە کردووە بەپێی پێویست بڕیار و خاڵە پەسەندکراوەکان لە لایەن خۆیەوە بۆ دواجار پەسەند دەکرێن.