
ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەزەڵوەر، هەواڵدەریی "ویرتوئال ئاز" سەر بە کۆماری ئازەربایجان بڵاوی کردەوە کە "ڕۆستەم ئاف" ئاخوندی مزگەوتی "حاجی جەواد" و لایەنگری ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا دەسبەسەر کراوە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم پێنج ئاخوندی خوێندەواری خەڵکی شاری "قومـ"ـی ئێران لەلایەن وەزارەتی زانیاریی کۆماری ئازەربایجان لەو وڵاتەدا دەسبەسەر و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.
ئەو ئاخوندانە دانیشتووی وڵاتی ئازەربایجانن و لە دوای لێکۆڵینەوە ئازاد کراون و تەنیا بە دژی "سەردار بابایۆف" و بە تاوانی "خیانەت بە نیشتمان" دۆسیەی جینایی کراوەتەوە.
"سەردار بابایۆف" بەرپرسی ماڵپەڕی تەبلیغاتی ئایینی و سیاسیی "مائێدە"یە. ئەو ماڵپەڕە لەگەڵ چەند ماڵپەڕی ئینتێرنێتیی ئایینیی دیکە سەرەتای مانگی خەزەڵوەر لەلایەن ئازەربایجانەوە داخران.
لە ماوەی حەوتووەکانی ڕابردوودا پەیوەندیی "تاران" و "باکوو" بە چڕی تووشی گرژی و ئاڵۆزی بووە. هەروەها کۆماری ئازەربایجان ١٣ی ڕەزبەر حوسێنییەیەکی نوێنەری "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئیرانی لە باکوو داخست.