کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە پیرانشار

09:01 - 26 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی، دایە فاتمە ئیسماعیلپوور   دایکی شەهید ئەبووبەکر خزری و ژنە نیشتمانپەروەر و خەمخۆری حیزبی دێموکرات و خەڵکی ئاوایی قەرەخدری کۆنەخانێی پیرانشار، بەهۆی پیری و بەساڵاچووییەوە، لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

دایە فاتمە ژنێکی هەتا سەر بەبیروباوەڕ بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات و خەمخۆرێکی ڕاستەقینەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب بووە.

ناوبراو بەهۆی خۆشەویستبوونی لەنێو خەڵکدا، بە دایە فاتمە بانگ دەکرا.

کوڕێکی ناوبراو بە ناوی ئەبووبەکر خزری لە ساڵی ١٣٦٣هەتاویدا لە ئاوایی قەرەخدر بە دەستی جاش و هێزە بکوژەکانی ڕێژیمەوە شەهید کراوە.

ئەو بنەماڵە جگە لە شەهید ئەبووبەکر دوو کوڕی تریان پێشمەرگە بووە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ئازار و ئەشکەنجە بدرێن و بەو حاڵەشەوە بەردەوام لە خزمەت شۆڕش و خەباتی ڕەوای گەلەکەیاندا بوونە.

تەرمی ناوبراو لە گۆڕستانی کۆنەخانێی پیرانشار و لەنێو ئاپۆڕای خەڵکدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.