کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستیی پاسداران هێرشی کردەوە سەر بنکەی شێخ عیسا لە بەحرەین

09:30 - 26 خەزەڵوەر 2726

وەزارەتی نێوخۆی بەحرەین ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، داوای لە هاووڵاتییان و دانیشتووانی وڵاتەکەی کرد کە بچنە نزیکترین شوێنی پارێزراو و ئەم هۆشدارییە هاوکات بوو لەگەڵ بانگەشەی سپای پاسداران سەبارەت بە هێرشی دڕۆنیی بۆ سەر سیستەمێکی ڕاداریی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی «شێخ عیسا».

سپای تێرۆریستیی پاسداران بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەم ڕادارەی لە وڵامی چالاکبوونی دڕۆنە ئەمریکاییەکان لە ئاسمانی ئێراندا کردووەتە ئامانج.

سپای پاسداران هەروەها بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بە دزەکردن لە سیستەمی کۆنترۆڵی دڕۆنێکی ئەمریکایی لە باشووری قشم، بە سەلامەتی خستوویەتە خوارەوە و دەستیان بەسەردا گرتووە؛ بەڵام سێنتکام هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم بانگەشەیە نەداوە.

هەتا ئێستا وەزارەتی نێوخۆی بەحرەین لەبارەی زیانەکانی ئەم هێرشەوە، هیچ زانیارییەکیان نەخستووەتە ڕوو.

لە دەستپێکی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ڕێژیمی ئێران لە ڕەشەمەی ١٤٠٤ـەوە، سەدان جار شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی ئاسایی و بنکە هەستیارەکانی وڵاتانی کەنداو لەوانەش بەحرەین لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە کراونەتە ئامانج و زیانی زۆریانی پێگەیاندووە.