کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیویۆرک تایمز: بەنداوەکانی ئێران ئەگەری هەیە بۆ پشتیوانیکردن لە بنکە مووشەکییەکان دروست کرابن

08:54 - 26 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە پڕۆژە بەرفراوانەکانی بەنداو دروستکردن و گواستنەوەی ئاو لە ئێران، ئەگەری هەیە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکان و پاڵپشتیکردنی بنکە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی دروست کرابن.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ئەم ڕۆژنامەیە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەگەری پەیوەندیی نێوان پڕۆژەکانی بەنداو دروستکردن و گواستنەوەی ئاو لەگەڵ پێداویستییە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەی هێناوەتە ئاراوە.

کارناسانی بواری ژینگە ساڵانێکی زۆرە پرسیار و گومانیان لەسەر دروستکردنی بەنداو، تونێل و هێڵەکانی گواستنەوەی ئاو لەو ناوچانەی ئێران هەبووە کە هیچ پێداویستییەکی ئاشکرایان بەو پڕۆژانە نەبووە.

لەم پەیوەندییەدا، حەوت پسپۆڕی بواری ئاو و کاروباری سەربازی بە نیویۆرک تایمزیان ڕاگەیاندووە کە جێگیرکردنی دامەزراوە سەربازییە ژێرزەوینییەکان لە نزیک بەنداوەکان، دەتوانێت دەستڕاگەیشتنی بەردەوام بە ئاو و کارەبا بۆ بنکە مووشەکییەکان دەستەبەر بکات.

دەنی سیترینۆڤیچ، لێکۆڵەری پێشووی هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل، لەو بارەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی دامەزراوە مووشەکییەکانی بە ژێرخانە گشتییەکان، هاندەرێکی زۆری هەیە بۆ دروستکردنی سیستمی سەربەخۆی دابینکردنی ئاو و وزە.

هاوکات ڕۆژنامەکە جەختی کردووەتەوە کە بەهۆی نهێنیبوونی بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران، ئەم پەیوەندییە هێشتا بە تەواوی نەسەلمێنراوە.

 

لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بەم ڕاپۆرتە، محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئیکس" ئەم بابەتەی بە "ئامادەکاری بۆ خولی داهاتووی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانە مەدەنییەکان" ناو برد و هەڕەشەی کرد کە لە ئەگەری هەر جۆرە هێرشێکدا، ئەوانیش هەموو بەنداو، بەندەر یان وێستگەیەکی کارەبا لە نزیک بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەنە ئامانج.