کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی لانیکەم ٨٤ ژن و کچ لە ماوەی حەوت مانگدا لە ئێران

08:50 - 26 خەزەڵوەر 2726

پەرەسەندنی توندوتیژیی خێزانی و نەبوونی یاسایەکی کاریگەر بۆ پاراستنی ژنان لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، بووەتە هۆی هەڵکشانی بەردەوامی ئاماری ژنکوژی لە ئێران و تەنیا لە ماوەی حەوت مانگی ئەمساڵدا دەیان ژن و کچ لەلایەن کەسانی نزیکی خۆیانەوە کوژراون.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، لە سەرەتای مانگی خاکەلێوە تا ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٥، لانیکەم ٨٤ ژن و کچ لە ئێران کوژراون. سەرچاوەکە جەختی کردووەتەوە کە ئەم ژمارەیە تەنیا ئەو تاوانانە دەگرێتەوە کە لە میدیاکاندا دەنگیان داوەتەوە و ئاماری ڕاستەقینەی قوربانییان لە سەرانسەری ئێراندا زۆر لەوە زیاترە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە کۆی ٨٤ قوربانییەکە، ٧٥ حاڵەتیان لەلایەن کەسانی ناسیاوی قوربانییەکانەوە ئەنجام دراون؛ بە شێوەیەک کە لە ٤٥ دۆسیەدا هاوژین، هاوژینی پێشوو یان خۆشەویستی ئێستا و پێشوویان بکوژ بوون.

هەروەها ١٢ کەس لە قوربانییەکان کچانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بوون کە هەشت کەسیان بە دەستی باوک، برا یان کەسوکاری خوێنیی خۆیان کوژراون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، تەنیا لە ٢١ ڕۆژی یەکەمی مانگی ڕەزبەردا، لانیکەم ١٨ حاڵەتی ژنکوژی تۆمار کراوە.

ڕەتکردنەوەی داواکاریی هاوسەرگیری و پەیوەندیی خۆشەویستی، هاوکات لەگەڵ بڕیاری ژنان بۆ جیابوونەوە و تەڵاق، بە سەرەکیترین پاڵنەرەکانی ئەنجامدانی ئەم تاوانانە دادەنرێن.

پێشتریش ڕۆژنامەی "شەرق" لە بەدواداچوونێکی جیادا ئاشکرای کردبوو کە تەنیا لە مانگەکانی خەرمانان و ڕەزبەری ١٤٠٥دا، لانیکەم ٣٨ ژن و منداڵ لە ٢٨ دۆسیەی جیاوازدا کوژراون، کە ١٣ کەسیان منداڵی خوار ١٨ ساڵ بوون و لە زۆربەی دۆسیەکاندا پێشینەی توندوتیژیی خێزانی و داواکاریی جیابوونەوە هۆکاری سەرەکیی تاوانەکان بوون.