ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران وێڕای ئاشکراکردنی ئاماری لەسێدارەدانی ٧٤ هاووڵاتیی ناڕازی و بەندکراوی سیاسی لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا، ڕایگەیاند کە لانیکەم ١٢١ کەس لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە و هۆشداریی توندیشی لە ئەگەری پەرەسەندنی شەپۆلی لەسێدارەدانەکان لە سەروبەندی ساڵوەگەڕی ئەو ناڕەزایەتییانەدا دا.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوەیە، لە ماوەی نێوان ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ تا ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، کۆماری ئیسلامی ٧٤ بەندکراوی سیاسی و ناڕازیی لەسێدارە داوە کە لە دەیەی ١٣٦٠ـی هەتاوییەوە تا ئێستا، لەسێدارەدانی ئەم ژمارە زۆرە لە ماوەیەکی وا کورتدا بێوێنە بووە.
لە نێو لەسێدارەدراوەکاندا، ٣٩ کەس لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، دوو کەس لە ناڕازییانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، ١٦ بەندکراوی سیاسی بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ حیزبە دژبەرەکان و ١٧ کەسی دیکەش بە تۆمەتی سیخوڕی دەبینرێن.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لە نێو ئەو ١٢١ ناڕازییەی سزای سێدارەیان بۆ دەرچووە، شەش ژن و لانیکەم پێنج مێرمنداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ هەن.
تا ئێستا سزای سێدارەی لانیکەم ٣٠ کەس لەوانە لە دیوانی باڵای ڕێژیم پەسەند کراوە و ئامادەی جێبەجێکردنە؛ لەوانەش پەیمان فەرەحئاوەر، گۆرانینووس و بەندکراوی سیاسیی خەڵکی گیلان کە دۆسیەکەی ڕەوانەی بەشی جێبەجێکردنی سزاکان کراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم بە شێوەیەکی سیستماتیک تۆمەتباران لە مافی بوونی پارێزەری سەربەخۆ بێبەش دەکات و لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەدا دانپێدانانی زۆرەملێیان لێ وەردەگرێت، هاوکات هەڕەشە لە بنەماڵەکانیان دەکات تا بێدەنگ بن و زانیاری بڵاو نەکەنەوە.