کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاخوندەکانی ڕێژیم، پارک بە هۆکاری گەندەڵی دەزانن

12:42 - 28 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا:  ئاخوند "مێسباح یەزدی"، داوای کردووە کە لە جێگای پارک، شوێنی نوێژکردن دروست بکرێت.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی جۆزەردان، ئاخوند "محەمەدتەقی مێسباح یەزدی"، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ شارەداریی شاری قومدا ڕایگەیاندووە: "لەگەڵ چەند قات بوونەوەی هەوڵەکانی دوژمن، دەرکەوتووە کە چەند هەوڵێک هەن بۆ ئەوەی پەرە بە گەندەڵی بدرێت، بەتایبەتی لە شاری پیرۆزی قومدا".

ناوبراو داوای کردووە کە لە جێی پارکەکان، بۆ پێشگرتن لە گەندەڵی، شوێنی نوێژکردن دروست بکەن.

قسەی ئەم ئاخوندەی سەر بە ڕێژیم لە کاتێکدایە کە بوونی فەزای سەوز لە شارەکاندا، کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر دەروونی خەڵک دادەنێت و هەروەها بۆ پاکڕاگرتنی هەوای شارەکانیش پێویستە.

ئێستا وادەردەکەوێت کە لە دیدی بەرپرسانی ڕێژیمەوە، هەرجۆرە هۆکارێک بۆ ئارامکردنەوە و کاتبەسەربردنی هاووڵاتیان بە هۆکاری زیادبوونی گەندەڵی دەزانن و ڕێگریی لێ دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ ڕێگرتن  لە بڵاوبوونەوەی دیاردەیەکی نەخوازراوی وەک "ئێعتیاد"، هیچ هەنگاوێک هەڵناگرن و تەنانەت زۆر جاریش پەرەی پێ دەدەن.